فوئاد حوسێن: رێگە نادەین عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان
لە میانەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کۆمکاری عەرەبیدا، عێراق هۆشدارییەکی توندی دایە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مەترسییەکانی فراوانبوونی بازنەی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز.
رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، سەرۆکایەتیی شاندی عێراقی کرد لە کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبی. کۆبوونەوەکە بە شێوازی پەیوەندیی ڤیدیۆیی (Video Conference) بەڕێوە چوو، کا تیایدا دۆخی هەستیاری ناوچەکە و ئەو دەستدرێژییانەی کە لە سێبەری جەنگی هەڵگیرساودا، ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیی گرتووەتەوە، تاوتوێ کرا.
فوئاد حوسێن، لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی کرد کە ناوچە جیاوازەکانی عێراقیان کردووەتە ئامانج.
هاوکات هۆشداریدا لەوەی کە "ئامانج لەم هێرشە دوژمنکارییانە، پەلکێشکردنی عێراقە بۆ نێو ئاگردانی ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت".
وەزیری دەرەوەی حێراق جەختی کردەوە کە سیاسەتی نەگۆڕی دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای سەرکۆنەکردنی جەنگ و باوەڕبوون بە چارەسەری ئاشتییانەی ململانێکان لە رێگەی دانوستان و کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە داڕێژراوە.
سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە دا کە عێراق هەمیشە یەکێک بووە لە پاڵپشتیکارە سەرەکییەکانی پڕۆسەی دانوستان لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا. لەم چوارچێوەیەدا، عێراق سەرکۆنەی ئەو هەڵمەتە سەربازییانە دەکات کە دژی ئێران ئەنجام دەدرێن و هۆشداری دەدات لەوەی "فراوانکردنی بازنەی جەنگ، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی تەواوی وڵاتانی ناوچەکە و دەبێتە هۆی درێژەکێشانی ململانێکان".
وەزیری دەرەوە هاوسۆزیی تەواوی حکوومەتی عێراقی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دووپات کردەوە و جەختی لە رەتکردنەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر سەروەریی ئەو وڵاتانە کردەوە.
ئەو رایگەیاند: "عێراق نە بووە بە بەشێک لە ململانێکان و نە دەشچێتە نێو ئەو بازنەیەوە، هەروەها رێگە نادات خاکەکەی وەک پێگەیەک بۆ دەستدرێژی دژی وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت".
فوئاد حوسێن ئاشکرای کرد، کە دەسەڵاتەکانی عێراق (جێبەجێکردن، یاسادانان، و دادوەری) بە بایەخەوە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەڕوانن و حکوومەت هەموو رێکارێک دەگرێتە بەر بۆ رێگریکردن لە تێوەگلانی وڵات لە ململانێ دەرەکییەکان، لەگەڵ پابەندبوون بە پاراستنی نێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق بە وردی باسی لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی دۆخی ئێستا کرد و هۆشداری دا لەوەی "زمانی دیالۆگ تاکە رێگەیە بۆ رزگارکردنی ناوچەکە لە کارەسات".
هاوکات ئاماژەی بە مەترسیی رووداوەکانی گەرووی هورمز کرد و رایگەیاند، کە ناسەقامگیری لەو گەرووە ستراتیژییەدا دەبێتە هۆی؛ دروستبوونی قەیرانی جیهانی لە سەرچاوە و نرخی وزەدا، بڵاوبوونەوەی فەوزای چەکداری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا و دروستبوونی شەپۆلی گەورەی ئاوارەبوون و کۆچی بە کۆمەڵ.
فوئاد حوسێن، لە کۆتایی گوتارەکەیدا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە دەنگی حیکمەت و ژیری بەسەر دەنگی تۆپ و مووشەکەکاندا زاڵ بکەن و دەستبەجێ کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بهێنن، چونکە ناوچەکە لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە سەقامگیری و گفتوگۆی جیددی هەیە.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، ئێران هەمیشە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە دەکاتە ئامانج.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.