ئێران سنوورەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان توندوتۆڵ کردووە

باڵیۆزی ئێران لە عێراق، رایگەیاند، بارودۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی سەقامگیرە و هێزە سەربازییەکانیان بە توندی کۆنتڕۆڵی هێڵی سنووریی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانیان کردووە.

یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، محەممەد کازم، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "کۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسی عێراق دەکات بۆ پشتیوانیکردنی لە گەلی ئێران لەو جەنگەی کە لەلایەن ئەمریکا و قەوارەی زایۆنییەوە بەسەریدا سەپێنراوە، ئەم هەڵوێستەش لە عێراقییەکان چاوەڕوانکراو بوو".

لە بارەی دۆخی سنوورەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، باڵێۆزی ئێران جەختی لەوەکردەوە، هێزە سەربازییەکان بە چڕی چاودێری سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و تاوەکو ئێستا دۆخەکە ئاساییە و هیچ کێشیەک لەسەر سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دروست نەبووە. 

باڵیۆزی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی دەستپێشخەری جەنگی نەکردووە بەڵکو تەنها بەرگری لە خۆی دەکات، لە کاتێکدا وڵاتانی کەنداو بەرگری لە بنکە ئەمریکییەکان دەکەن، جەختیشی کردەوە، سەرکردایەتی ئێران بەهێزە و هەموو ئامادەکارییەکی بۆ جەنگێکی درێژخایەن کردووە.

سەبارەت بە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان، باڵیۆزی ئێران ئاشکرای کرد، هەندێک وڵات پێشنیاری نێوەندگیرییان کردووە، بەڵام سەرکردایەتی ئێران رەتی کردووەتەوە و سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە رێگەی بەرگریکردن لە خۆی.

لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە چارەنووسی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، باڵیۆزەکە رایگەیاند: "قائانی لە ژیاندایە و لەسەر زەوی ئامادەیە و سەرپەرشتی و فەرماندەیی جەنگەکان دەکات".