وڵاتانی کەنداو مەترسی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوتیان لەسەرە
بەهۆی بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز، کەرتی گواستنەوەی دەریایی و بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەی کەنداو رووبەڕووی قەیرانێکی بێپێشینە بووەتەوە، بە جۆرێک کە چەندین رۆژە هیچ کەشتییەکی بەتاڵ نەیتوانیوە بگاتە بەندەرەکان.
یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، ئەو کەشتیانەی پێش داخستنی گەرووی هورمز گەیشتبوونە ناو ئاوەکانی کەنداو، ئێستا هەموویان پڕکراون لە نەوت و لەوێ گیریان خواردووە، ئەمەش وایکردووە کەشتیی بەتاڵ بۆ گواستنەوەی بڕە نەوتە نوێیەکان لە ناوچەکەدا نەمێنێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، پڕبوونی کەشتییەکان و نەمانانی جێگە لە کۆگاکانی سەر وشکانی، وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دەخاتە بەردەم بارودۆخێکی سەخت.
لەمبارەیەوە شارەزایان هۆشداری دەدەن ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، وڵاتانی ناوچەکە ناچار دەبن بەرهەمهێنانی نەوت بەتەواوەتی رابگرن، چونکە نە کەشتیی بەتاڵ شک دەبەن بۆ گواستنەوە و نە کۆگاشیان ماوە بۆ هەڵگرتنی ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنن.
داخستنی گەرووی هورمز، گرنگترین رێڕەوی ئاوییە بۆ بازرگانیی وزە لە جیهاندا، نەک تەنها کاریگەری لەسەر وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو مەترسییەکی گەورەشی بۆ سەر دابینکردنی وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا دروست کردووە.