ماکرۆن: قۆناغی سەختی جەنگەکە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت

سەرۆککۆماری فەرەنسا ڕایگەیاند کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی و قووڵ لە دەسەڵات و سیستەمی سیاسیی ئێراندا تەنیا لە ڕێگەی بۆردوومانەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە بەدی نایەت؛ هۆشداریشی دا قۆناغی چڕ و سەختی ئەم جەنگە ڕەنگە بۆ چەندین هەفتە درێژە بکێشێت، هاوکات نیگەرانیی خۆیشی لە لێکەوتەکانی شەڕەکە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و غاز دەربڕی.

دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە لێدوانێکدا لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری شارل دیگۆلی فەرەنسی کە ئێستا لە دەریای ناوەڕاست جێگیر کراوە، خوێندنەوەی خۆی بۆ پەرەسەندنە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران خستە ڕوو.

ماکرۆن سەبارەت بە ئامانجی هێرشەکان و ئەگەری ڕووخانی دەسەڵات لە تاران ڕایگەیاند: پێم وا نییە بتوانرێت گۆڕانکاریی قووڵ لە ڕژێم یان سیستەمی سیاسیی تەنیا لە ڕێگەی بۆردوومانکردنەوە بەدەست بهێنرێت.

لە هەمان کاتدا ڕوونی کردەوە: ئەگەر ئامانجی کۆتایی لەکارخستن و بێلایەنکردنی تواناکانی مووشەکی بالیستیکی بێت، ئەوا هێزی دەریایی دەتوانێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئەمە بەدی بهێنێت.

سەبارەت بە ماوەی خایاندنی جەنگەکە، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە دا، وڵاتەکەی خۆی بۆ قۆناغێکی درێژخایەن ئامادە دەکات و گوتی: پێم وا نییە هیچ ئاماژەیەک هەبێت بۆ ئەوەی ئەم جەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆتایی بێت. پێم وایە ئەم جەنگە لەم قۆناغە چڕەیدا، بە دڵنیاییەوە بەلایەنی کەمەوە چەند ڕۆژێک و ڕەنگە چەندین هەفتە بخایەنێت.

جەختیشی کردەوە، درێژەکێشانی جەنگەکە بەندە بەو ڕوونکردنەوەیەی کە هەر لایەنێک سەبارەت بە ئامانجی کۆتایی خۆی دەیخاتە ڕوو، کە لە ڕووی سەربازییەوە پێی دەگوترێت "کاریگەریی کۆتاییی خوازراو".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ماکرۆن سەرنجی خستە سەر لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەم ململانێیە و مەترسییەکانی لەسەر بازاڕی وزە، ڕایگەیاند کە هەوڵ دەدەن تا بکرێت کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەسەر نرخی غاز و نەوت کەم بکەنەوە.

گوتیشی: ئەمە پرسێکی گرنگە، چونکە بۆ زۆرێک لە هاووڵاتییانمان، کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە ئێستا لەسەر نرخی سووتەمەنی لە وێستگەکاندا هەستی پێ دەکرێت، هەروەها لە هەفتەکانی داهاتووشدا کاریگەرییەکەی لەسەر نرخی غاز دەردەکەوێت.