سعودیە: بەهۆی کەوتنی مووشەکێک لە پارێزگای خەرج 2 کەس کوژران و 12ـی دیکە بریندار بوون
بەرگری شارستانی سعودیە، رایگەیاند، بەهۆی کەوتنی مووشەکێکی سەربازی بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە پارێزگای "خەرج"، دوو کەس کوژراون و 12ـی دیکەش بریندار بوون.
یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، گوتەبێژی بەرگری شارستانی سعودیە ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە کە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی کرێکارانی کۆمپانیایەکی چاککردنەوە و پاککردنەوە بووە، بەگوێرەی زانیارییەکان، هەردوو کوژراوەکە رەگەزنامەی هیندی و بەنگلادیشییان هەیە، هەروەها 12 بریندارەکەش هەموویان هاووڵاتی بەنگلادیشین، جگە لەوەی زیانی مادیی زۆریش بە شوێنەکە گەیشتووە.
بەرگری شارستانی جەختی لەوە کردووەتەوە، هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکان، پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکانە و رایگەیاند، رێکارە فەرمییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شوێنەوارەکانی ئەو هێرشە گیراونەتە بەر.