سوپای ئیسرائیل: شەپۆلێکی دیکەی هێرشمان بۆ سەر تاران ئەنجامدا

هێزی بەرگریی ئیسرائیل (IDF) ڕایدەگەیەنێت، قۆناغێکی دیکەی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر تاران جێبەجێ کردووە و تێیدا ژمارەیەک بنکەی گرنگی سەربازی و ئەمنی، لەوانەش 50 کۆگای چەک و تەقەمەنی و بنکەکانی بەسیج و سوپای پاسدارانی کردووەتە ئامانج.

یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی نوێترین هێرشەکانی بۆ سەر پایتەختی ئێران بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هێزە ئاسمانییەکان شەپۆلێکی دیکەی بۆردوومانیان لە تاران ئەنجامداوە

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە سوپای ئیسرائیل ئەو بنکانەی کردووەتە ئامانج، لەوانە، تێکشکاندنی نزیکەی 50 کۆگای چەک و تەقەمەنی، بۆردوومانکردنی بنکەیەکی هێزەکانی بەسیج، پێکانی ناوەندی فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ و کردنە ئامانجی کۆمەڵگەیەکی سەر بە هێزە وشکانییەکانی سوپای پاسداران (IRGC)

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکە، سوپای ئیسرائیل پاساوی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بەسیجی روون کردووەتەوە و دەڵێت: ئەم هێزانە بەشێکن لە هێزە چەکدارەکانی ئێران و ساڵانێکە دەستیان لە چالاکییە تیرۆریستییەکاندا هەیە.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو هێزانە بەرپرسن لە سەرکوتکردن و بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان، ئەنجامدانی دەستگیرکردنەکان، دەستگرتن بەسەر رێگاوبانەکان و پاراستنی دامەزراوەکان، بۆیە بە ئامانجی رەوای سەربازی دادەنرێن.

هەروەها دوای راگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، ئاژانسی مێهر بڵاو کردووەتەوە، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تاران ده‌بیسترێت