زێلێنسکی: هاوکاری ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرای دەکات کە پەیامیان پێگەیشتووە بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی و پاراستنی سەربازانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. جەختیش دەکاتەوە کە هەفتەی داهاتوو تیمێکی شارەزا بە توانای تەواوەوە دەگەنە ناوچەکە بۆ هەڵسەنگاندن و پێشکەشکردنی هاوکاریی دەستبەجێ.
یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: وڵاتەکەی ئامادەیی نیشان داوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و هاوکاریکردنی هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
زێلێنسکی گوتی: چەند پەیامێکمان پێگەیشتووە سەبارەت بە چۆنیەتی هاوکاریکردنی خەڵکی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها چۆنیەتی یارمەتیدانی سەربازانی ئەمەریکا کە لە چەند وڵاتێکی دیاریکراودا جێگیر کراون.
سەرۆکی ئۆکرانیا روونی کردەوە کە وەڵامی ئەوان ئەرێنی بووە و گوتی: وەڵاممان داونەتەوە کە ئێمە شارەزایان دەنێرین و هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنیان دابینی دەکەین.
سەبارەت بە وردەکاریی هاوکارییەکان، زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکان بەردەوامن و ئامانجیان ئەوەیە زیادکردنی تواناکان لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت.
زێلێنسکی کاتی گەیشتنی تیمەکانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: جارێک زووە بۆ ئەوەی بە وردی قسە بکەین، بەڵام هەفتەی داهاتوو کاتێک شارەزایان گەیشتنە مەیدانەکە و دۆخەکەیان هەڵسەنگاند، دەستبەجێ هاوکارییەکان پێشکەش دەکەن، چونکە ئەوان بە توانای پێویستەوە دێن بۆ ئەوەی یەکسەر دەستبەکار بن."