سێنتکۆم: ژمارەی کوژراوانمان بۆ 7 سەرباز بەرز بووەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە نوێترین راگەیەندراویدا ئاشکرای کرد کە ژمارەی قوربانیانی هێزەکانیان لە میانی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئامێز" (Epic Fury) رووی لە هەڵکشان کردووە و گەیشتووەتە حەوت کوژراو، ئەمەش دوای ئەوەی سەربازێکی برینداریان شەوی رابردوو گیانی لەدەست دا.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (CENTCOM)، ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا گیانلەدەستدانی سەربازێکی دیکەی وڵاتەکەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سینتکۆم، ئەو سەربازە شەوی رابردوو بەهۆی سەختیی ئەو برینانەوە گیانی لەدەست داوە کە لە راکەوتی 1ی ئاداردا هێرشیان کرابوو سەر؛ برینداربوونی ئەم سەربازە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زنجیرە هێرشە سەرەتایانەی کە ئێران کردییە سەر هێزەکانی ئەمەریکا کە لە خاکی سعوودیە جێگیر کراون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوکەدا هاتووە: ئەمە حەوتەمین سەربازی ئەمەریکایە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئامێز - Operation Epic Fury) و لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا دەکوژرێت. فەرماندەیەکە جەختیشی کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنە جەنگییە گەورەکان هێشتا بەردەوامن.
سەبارەت بە ناسنامەی سەربازەکە، سێنتکۆم روونی کردووەتەوە کە بەپێی پرۆتۆکۆلە سەربازییەکان، ناونیشان و ناسنامەی سەربازە گیانبەختکردووەکە هەڵدەگیرێت و بڵاو ناکرێتەوە تاوەکوو 24 کاتژمێر دوای ئاگادارکردنەوەی فەرمیی کەسوکاری پلە یەکی.