ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران رێبەری نوێی هەڵبژارد
ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران، موجتەبا خامنەیی بە رێبەری نوێی شۆڕشی ئیسلامی هەڵبژارد و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، بە گوێرەی مادەی 111ی دەستوور، ئەنجوومەنێکی کاتی بۆ هەڵبژاردنی رێبەری نوێی ئێران و پڕکردنەوەی بۆشایی بەرزترین پۆستی وڵاتەکە پێکهێنرا.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی کاتی شارەزایان بە گوێرەی مادەی 108ی دەستوور، ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی بە سێیەم رێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ئێران هەڵبژارد و داواشی لە تەواوی گەلی ئێران کردووە بەیعەت بە رێبەری نوێ بدەن.
موجتەبا خامنەیی کە ئێستا تەمەنی 57 ساڵە، دووەمین کوڕی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە قوتابخانەی "عەلەوی"ی تاران خوێندنی ئامادەییی تەواو کردووە و لە ساڵی 1999وە بۆ خوێندنی ئایینی چووەتە شاری قوم و لای مەحموود هاشمیی شاهروودی، میسباح یەزدی و جەعفەر سوبحانی خوێندوویەتی.
موجتەبا خامنەیی زۆر کەم لە ڕێوڕەسمە گشتییەکاندا دەر دەکەوێت و قسە بۆ میدیاکان ناکات. هیچ پۆستێکی فەرمییشی لە حکوومەتدا نییە، بەڵام بە کردەوە یەکێکە لە کەسە هەرە دەسەڵاتدارەکانی ناو "بەیتی رێبەری" (نووسینگەی عەلی خامنەیی). زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە ئەو بەڕێوەبەری سێبەر و دەستی راستی باوکی بووە لە کاروباری سیاسی، ئەمنی و سەربازیدا.
ئەو پەیوەندییەکی زۆر نزیک و پتەوی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپا هەیە، دەگوترێت موجتەبا کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر هێزەکانی "بەسیج"دا هەیە و لە زۆرێک لە بڕیارە ئەمنییە هەستیارەکاندا خاوەن قسەیە.
ناوی موجتەبا خامنەیی بە شێوەیەکی بەرچاو لە کاتی "بزووتنەوەی سەوز"ی ساڵی2009 هاتە سەر زمانەکان، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دەدا کە ئەو ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە بەڕێوەبردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران، لەو کاتەوە دروشمی "موجتەبا، بمرێت و ڕێبەری نەبینیت" بوو بە یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی نەیارانی کۆماری ئیسلامی، چونکە زۆر جار باسی ئەوەی کراوە کە یەکێک لە بژاردەکانی جێگرەوەی باوکی دەبێت بۆ ڕێبەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە تشرینی دووەمی 2019دا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا موجتەبا خامنەیی خستە لیستی سزاکانەوە، ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەو "بە نوێنەرایەتیی باوکی" کار دەکات و دەستی هەبووە لە سەرکوتکارییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پێشخستنی ئەجێندا تێکدەرانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
موجتەبا خامنەیی بۆ لایەنگرانی رژێمی ئێران وەک "پارێزەری بەهاکانی شۆڕش" و بۆ نەیارانیش وەک هێمای "دەسەڵاتی پشت پەردە" و "هەوڵ بۆ پشتاوپشتکردنی دەسەڵات" دەبینرێت. ناوی ئەو هەمیشە لەگەڵ ململانێی باڵەکانی ناو دەسەڵات و داهاتووی سیاسی ئێران گرێ دراوە.
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە یەکەمین ڕۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری، موجتەبای بە سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبژارد. بەوەش سەرباری ئەوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای "ویلایەتی فەقیهی"یە نەک دەسەڵاتی میراتی و پشتاوپشت، بەڵام بەهێزبوونی پێگەی ئایینی و سیاسیی موجتەبا خامنەیی، بەتایبەت بڕشتی لەناو سوپای پاسداراندا دەرفەتی ڕێبەبوونی بۆ ئەو ڕەخساند.