وەزارەتی تەندروستیی بەحرەین: 32 کەس لە هێرشێکی درۆنی ئێران بریندار بوون
وەزارەتی تەندروستیی بەحرەین ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026 رایگەیاند کە هێرشێکی درۆنی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ ناوچەی سیترای کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە 32 هاوڵاتی بریندار بوون و ئێستا بە شێوەیەکی پرۆتۆکۆڵی چارەسەریان بۆ دەکرێت.
وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، لە نێو بریندارەکاندا 4 حاڵەتیان برینەکانیان سەختە و منداڵیشیان تێدایە و جەختیشی کردەوە، سەرجەم بریندارەکان هاووڵاتی بەحرەینین.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی بەحرەین لە نێو بریندارەکاندا کچێکی تەمەن 17 ساڵ هەیە کە تەواوی دەموچاوی بریندار بووە هەروەها دوو منداڵی تەمەن حەوت ساڵ و هەشت ساڵیش لەناو بریندارە سەختەکاندان و بچووکترین برینداری رووداوەکەش منداڵێکی ساوای تەمەن دوو مانگەیە کە لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.
وەزارەتی تەندروستیی بەحرەین ئاماژەی بەوەش داوە کە حاڵەتە تووشبووەکان ئێستا لەژێر چاودێری و بەدواداچوونی وردی تیمە پزیشکییە تایبەتمەندەکان دان و جەختیشی کردەوە، سیستەمی تەندروستیی وڵات لە دۆخی ئامادەیی تەواوەدایە دوای ئەوەی لە سەرەتای هێرشەکان بۆ سەر شانشینی بەحرەین ئاستی ئامادەکاری لە بەشە گرنگ و جیاوازەکان بەرزکراوەتەوە.