وەزیری جەنگی ئەمریکا: جەنگەکە هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدایە

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە گرژییەکانی لەگەڵ ئێران راگەیاند و جەختی کردەوە، هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر تاران تا لەکارخستنی تەواوەتی تواناکانی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت.

هێگسێت لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (سی بی ئێس) ئاشکرای کرد، ئێستا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بە ناوی "داستانی توڕەیی" (Epic Fury) لە ئارادایە و زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی تێیدا بەشدارن.

ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ئەمریکا تا ئێستا نزیکەی 3 هەزار هێرشی ئاسمانییان لە ناوخۆی خاکە ئێران ئەنجامداوە.

وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕکردن تا ئەو کاتەی ئەوان بێتوانا دەبن، ئەو کات هیچ بژاردەیەکیان نامێنێت جگە لە رادەست بوون." ئاماژەی بەوەش کرد، جەنگەکە هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدایە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هێگسێت ئاماژەی بە هێزی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و گوتی: "هێزی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل نوێنەرایەتی دوو بەهێزترین هێزی جیهان دەکەن." هۆشداریشی دا، لە قۆناخەکانی داهاتوودا ئەگەری بەکارهێنانی بۆمبی ئاسایی قورس بۆ پێکانی بنکە سەربازییە ستراتیژییەکانی ئێران لە ئارادایە.

سەبارەت بە ئەگەری ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو خاکی ئێران، وەزیری جەنگی گوتی: "واشنتن هیچ بژاردەیەکی سەربازی رەت ناکاتەوە. ئێمە سنووری ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ دوژمن ئاشکرا ناکەین و هەرچی پێویست بێت بۆ سەرکەوتن ئەنجامی دەدەین."

دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە هاوکاریی هەواڵگریی رووسیا بۆ ئێران دەکەن، هێگسێت دڵنیایی دا، سوپای وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات و گوتی: "ئەمریکا خاوەنی باشترین سیستەمی هەواڵگرییە لە جیهاندا."

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، هێگسێت دانی بەوەدا نا کە ئەم جەنگە بێ زیان نابێت و ئەگەری هەیە قوربانی لە ریزەکانی سوپای ئەمریکا بکەوێتەوە، بەڵام جەختی کردەوە: "ئەمە ئیرادەمان لاواز ناکات، بەڵکو پێداگریمان بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە زیاتر دەکات."