سعوودیە: ئێران بەڵێنەکانی سەرۆکەکەی جێبەجێ ناکات

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە هۆشداری لە فراوانبوونی بازنەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە دەدات و رایدەگەیەنێت، تاران ئەو بەڵێنانەی سەرۆکەکەی دابووی بۆ رێگری لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، لەسەر ئەرز جێبەجێ نەکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شانشینی سعوودیە بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هێرشانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین و سعوودیە مافی تەواوی خۆیەتی هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسایشی هاووڵاتییانی بگرێتە بەر.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بە ئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکان، فڕۆکەخانەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، تەنیا نیشانەی سووربوونی ئێرانە لەسەر هەڕەشەکردن بۆ سەر سەقامگیری و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان."

سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، کە گوتبووی وڵاتەکەی پلانی نییە هێرش بکاتە سەر دراوسێکانی، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە دەڵێت: "لایەنی ئێرانی ئەو بانگەوازەی جێبەجێ نەکرد، نە لە کاتی گوتارەکەی سەرۆک و نە دوای ئەوەش، بەڵکو بە پاساوی بێ بنەما بەردەوام بوو لە هێرشەکانی."

سعوودیە ئەو تۆمەتانەی ئێرانی رەتکردەوە کە گوایە فڕۆکەی جەنگی یان فڕۆکەی سووتەمەنی لە خاکەکەیەوە بەشدارییان لە شەڕی دژی ئێراندا کردبێت و روونی کردەوە: "ئەو فڕۆکانەی لە ئاسمانی سعوودیە دەبینرێن، تەنیا خەریکی دەوریەی ئاسمانی و پاراستنی ئاسمانی وڵات و ناوچەکەن لەو مووشەک و درۆنانەی لە ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن."

لە کۆتایی هۆشدارییەکەدا هاتووە، بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی ئێران بە واتای پەرەپێدانی ئاڵۆزییەکان دێت و کاریگەریی قووڵی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێستا و داهاتوو دەبێت، جەختیشیکردەوە کە ئەگەر ئاڵۆزییەکان فراوانتر بن، ئێران خۆی گەورەترین زیانمەند دەبێت.