پۆلیسی بەلجیکا: تەقینەوەیەک لەبەردەم پەرستگایەکی جووەکان روویدا
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، پۆلیسی بەلجیکا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لەبەردەم 'کنێست' پەرستگای جووەکان کە دەکەوێتە شەقامی لیۆن فرێدریک لە شاری لیێژ لە بەلجیکا، روویدا.
کەناڵی هەواڵی بەلجیکی RTBF لە زاری پۆلیسی بەلجیکا بڵاویکردەوە، "لە تەقینەوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە تانیا زیانی ماددی هەبووە."
پۆلیسی بەلجیکا ئاماژەی بەوەشداوە، پەنجەرەی باڵەخانەکانی بەرامبەر پەرستگایەکە شکاون و شەقامەکەش داخراوە تا لێکۆڵینەوە تەواو دەبێت، هەروەها دەورووبەری ناوچەکەش گەمارۆدراوە.
لێکۆڵینەوەکان لەلایەن لێکۆڵەرانی بەشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پۆلیسی دادوەری فیدراڵی لە شاری لیێژ بەڕێوەدەچن.
ئەو پەرستگایە لە ساڵی 1899 دروستکراوە، هەروەها وەک مۆزەخانەی مێژووی کۆمەڵگەی جووەکان لە شاری لیێژ هەژماردەکرێت.