لە تورکیا بوومەلەرزەیەک پارێزگای دەنیزلی هەژاند
ئەمڕۆ دووشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلە بەپێی پێوەری رێختەر، پارێزگای دەنیزلی لە رۆژئاوای تورکیا هەژاند و ناوەندیی بومەلەرزەکەش تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی "پاموکالی" دوور بووە.
سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاکەوتن لە تورکیا (ئافاد) لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند: بوومەلەرزەکە کاتژمێر 9:21 خولەکی سەر لەبەیانی روویداوە. ناوەندیی بوومەلەرزەکە نزیک گوندی "بولدان" بووە لە پارێزگای دەنیزلی و لە قوڵایی 7 کیلۆمەتر لە زەویدا تۆمارکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شوێنی رووداوەکە تەنیا 5 کیلۆمەتر لە کانییە گەرمە بەناوبانگەکانی پاموکالی دوورە، کە یەکێکە لە شوێنەوارە گەشتیارییە جیهانییەکان.
هەرچەندە هاوینەهەوارەکانی ئەو ناوچەیە لە وەرزەکانی هاویندا جەنجاڵییەکی زۆری گەشتیاران بەخۆیانەوە دەبینن، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی وەرزی گەشتیارییە، رێژەی گەشتیاران لەو شوێنەدا کەمە. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەم بوومەلەرزەیە بڵاونەکراوەتەوە.