وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا: بەرزبوونەوەی نرخەکان کاتییە
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا رایدەگەیەنێت، حکوومەتی وڵاتەکەی بە وردی چاودێری گۆڕانکارییەکانی نرخی وزە دەکات و هەموو ئامادەکارییەکی پێویستیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی ئابووری کردووە.
محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویکردەوە، تورکیا و جیهان بە قۆناخێکی پڕ لە نادڵنیایی و گۆڕانکاری خێرای نرخی وزەدا تێدەپەڕن، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەزموونەکانی رابردوو سەلماندوویانە ئەم جۆرە شۆکە ئابوورییانە هەمیشەیی نین.
وەزیری دارایی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، نرخەکان لە بازاڕی داهاتووی نەوتدا ئەوە نیشان دەدەن کە ئەم شەپۆلی بەرزبوونەوەی ئێستا کاتییە و بەرەو جێگیربوون دەچێت. گوتیشی: "وەک تیمی بەڕێوەبردنی ئابووری، هەموو گۆڕانکارییەکان دەبینین و ئامادەکاری تەواومان بۆ هەر ئەگەرێک هەیە، تاوەکو بە کەمترین زیان لەم قۆناخە تێپەڕین."
شیمشەک داوای لە هاووڵاتیان، وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان کرد لەم قۆناخەدا نەکەونە ژێر کاریگەریی هەواڵە ناڕاستەکان و بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ پرۆسە ئابوورییەکاندا بکەن.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دارایی تورکیا لە کاتێکدایە کە نرخی نەوت و وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا تووشی هەڵبەز و دابەزی زۆر بووە. تورکیا کە وڵاتێکی هاوردەکاری سەرەکیی وزەیە، بە هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی نەوت تێچووی ژیان و بەرهەمهێنان تێیدا بەرز دەبێتەوە، ئەمەش وای کردووە حکوومەتی ئەو وڵاتە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات.