لە ئەنتاڵیا 14 کۆچبەری نایاسایی گیانیان لەدەستدا
لە کەناراوەکانی شارۆچکەی دەمرە لە پارێزگای ئەنتاڵیای تورکیا، بەهۆی رووداوێکی بەلەمی کۆچبەرانی نایاسایی، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش رزگار کران.
هولوسی شاهین، پارێزگاری ئەنتالیا ئەمرۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026 لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر 06:00ی بەیانی، تیمەکانی پاسەوانی کەناراوەکان بەلەمێکی کۆچبەرە ئەفغانییەکانیان (کە ژن و منداڵیان تێدابووە) دۆزیوەتەوە.
پارێزگاری ئەنتالیا دەڵێت: "بەلەمەکە بەدەم داواکاری تیمەکانی پاسەوانی کەناراوەکانەوە نەچووە بۆ وەستان و هەوڵی هەڵهاتنی داوە، بەهۆی خێراییەکی زۆر و مانۆڕی مەترسیدار، بەر کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکان کەوتووە و لە ئەنجامدا بەشێک لە کۆچبەرەکان کەوتوونەتە نێو دەریاوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی پارێزگاری ئەنتاڵیا، تاوەکو ئێستا تەرمی 14 کۆچبەر دۆزراونەتەوە. هاوکات 7 کۆچبەر لە لایەن تیمەکانی پاسەوانی کەناراوەکانەوە بە زیندوویی لە ئاو دەرهێنراون و چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە، هەروەها 14 کۆچبەری دیکەش کە توانیویانە بگەنە کەناراوەکان، لە لایەن تیمەکانی جەندەرمەوە دەستگیر کراون.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تیمەکانی پاسەوانی کەناراوەکان و جەندەرمە لە رێگەی دەریا، وشکانی و ئاسمانەوە بەردەوامن لە گەڕان و رزگارکردن. هەروەها داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەی یاسایی و پارێزگاریش لێکۆڵینەوەی کارگێڕی لەسەر چۆنیەتی رووداوەکە دەستپێکردووە.