سەرۆکوەزیرانی قەتەر: لێکدانەوەی هەڵەی ئێران هەموو شتێکی لەناوبرد
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بە لێکدانەوەیەکی هەڵەی جددی ئێران ناو دەبات و دڵێت هەموو شتێکی لەناوبردووە، بەڵام ئێستاش چارەسەر لە سەرلەنوێ دەسپێکردنەوەی دانوستاندایە.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە چاوپێکەوتنێکدا قسەی بۆ تۆڕی میدیایی سکای نیووزی بەریتانی کردووە و دەڵێت "قەتەر لە قۆناخێکی سەخت و زۆر هەستیاردایە، بەڵام هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بە پیشەییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن".
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان دەشڵێت "هەست بە خیانەتێکی گەورەی دەکەین، چونکە تەنیا یەک کاتژمێر دوای دەستپێکردنی جەنگەکە، قەتەر و وڵاتانی دیکەی کەنداو کەوتنە بەر هێرش، لە کاتێکدا بە راشکاوانە رامانگەیاند، لە دژی دراوسێکانمان بەشداری هیچ جەنگێک ناکەین.
زیاتر ئاماژەیپێدا و گوتی "هەموو هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداوە، لە کاتێکدا هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەمان لە دراوسێکەمان نەدەکرد، چونکە هەمیشە هەوڵمانداوە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئێران بپارێزین، بەڵام ئەو پاساو و بیانووانەی بەکاری دەهێنێت، هەرگیز قبووڵ کراو نین".
هەروەها ئاماژەیداوە، پەرەسەندنی سەربازی قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە و بەرپرسیارێتی کەمکردنەوەی قەیرانەکان لە ئەستۆی هەموو لایەنەکاندایە و گوتیشی "لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی قەیرانەکان، چونکە ئێران دراوسێیە و ئەمەش چارەنووسی ئێمەیە".