پزیشکیان: هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی سەلماندنی ئیرادەی گەلە بۆ حوکمڕانی

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران
مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەڵبژاردنی موجتەبا حوسێنی خامنەیی بە رێبەری نوێی وڵاتەکە، بە کارێکی بەهادار ناو دەبات و دەڵێت "سەلماندنی ئیرادەی گەلە بۆ حوکمڕانی".

پزیشکیان گەشبینی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سێیەمین رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەدەبڕێت و نووسیویەتی "کێشەکانی وڵات بە سەرکردایەتی ژیرانەی رێبەر و بە دروستکردنی کەشێکی گونجاو لەسەر بنەمای متمانە و بەشداریی خەڵک چارەسەر دەکرێت. 

هەروەها لە خودا دەپاڕێتەوە رێبەری نوێی ئێران سەرکەوتوو بکات لە پاراستنی یەکگرتوویی و بنیاتنانی ئێرانێکی پێشکەوتنخواز و سەربەخۆ.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی کاتی شارەزایان رایگەیاند، بە گوێرەی ماددەی 108ی دەستوور، ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی بە سێیەم رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەڵبژێردرا و داواشی لە تەواوی گەلی ئێران کرد بەیعەت بە رێبەری نوێ بدەن.

دوای ئەوەی لە یەکەمین زنجیرە هێرشی هاوبەشی هێزی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەیانی 28ی مانگی رابردوودا بۆ سەر ئێران، دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشەکان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پاڵپشت بە زانیاریی هەواڵگر، هەواڵی کوشتنی عەلی خامنەیی رێبەری ئێرانی راگەیاند، بەڵام رۆژی دواتر میدیای فەرمی ئێران هەواڵی کوژرانی رێبەری باڵا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی باڵای کۆماری ئیسلامی پشتڕاستکردەوە.