عێراق و ئیسپانیا هۆشداری لە خراپتربوونی قەیرانی نرخی وزە لە جیهان دەدەن
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و خۆسێ مانوێل ئەلبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا، هۆشدارییان دا لە لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەکی ترەوە، هەروەها کاریگەرییە گەورەکانی ئەو جەنگە لەسەر نرخی وزە لە ئاستی جیهاندا.
دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئیسپانییەکەی، پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی جەنگیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تاوتوێ کردووە.
لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا پاڵپشتی حکوومەت و گەلی وڵاتەکەی بۆ گەل و حکوومەتی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە گەورەکاندا دووپاتکردەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی داوای راگرتنی جەنگ و کارکردن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەیشتن بە ئاگربەست دەکات.
ئەلبارێس هەڵوێستی وڵاتەکەی روون کردووەتەوە و گوتویەتی: "ئیسپانیا لە سەرەتاوە دژی هەڵگیرسانی ئەم جەنگە بووە و ئێستاش جەخت لەسەر پێویستی گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ دەکاتەوە، چونکە ئەم جەنگە لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر ناوچەکە و هەموو جیهان هەیە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هەردوولا مەترسییەکانی بەردەوامیی شەڕیان تاوتوێ کرد و ئاماژەیان بەوە کردووە، ئامانجەکانی بەردەوامبوونی ئەم جەنگە نادیارن و درێژەپێدانی تەنها دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
هەروەها هەردوو وەزیر هۆشدارییان دا، بەردەوامیی جەنگ دەبێتە هۆی خراپتربوونی قەیرانی نرخی وزە لە جیهاندا، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری نوێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، جگە لە لێکەوتە مرۆییەکان وەک ئاوارەبوونی خەڵک و کۆچی بەکۆمەڵ بۆ دەرەوەی وڵات، کە مەترسی دروستبوونی کارەساتی مرۆیی لێدەکرێت.
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگی کارکردنی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا کردەوە بۆ گەڵاڵەکردنی دەسپێشخەرییەک کە ببێتە هۆی راگرتنی شەڕ و کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی جەنگەکە لەسەر ناوچەکە و جیهان.