یەکێتیی ئەوروپا: بەردەوامی جەنگ دەبێتە هەڵاوسانێکی جیهانی
بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەوروپا هەڵوێستی توندیان سەبارەت بە جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ئێستا راگەیاند. لە کاتێکدا سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا پشتیوانی تەواوی بۆ گەلی ئێران دەربڕی و حکوومەتی ئەو وڵاتەی بە بکوژ و وێرانکار ناوبرد، هاوکات کۆمسیاری ئابووریی یەکێتییەکە هۆشداری دەدات کە ئەگەر ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژە بکێشن، شۆکێکی گەورەی هەڵاوسان بەرۆکی ئابووریی جیهان و ئەوروپا دەگرێت.
دووشەممە 9ی ئاداری 2026، ئورسولا ڤۆن دێر لایەن، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی جیهان و دۆخی ئێران رایگەیاند، ئێمە هەمیشە بەرگری لەو سیستەمە دەکەین کە لەسەر بنەمای یاسا لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بنیاتمان ناوە، بەڵام چیتر ناتوانین تەنیا پشت بەوە ببەستین وەک تاکە رێگە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەوروپا چیتر ناتوانێت تەنیا پارێزەری سیستەمی کۆنی جیهان بێت.
سەبارەت بە دۆخی ئێران، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی نیشان دا و گوتی: گەلی ئێران شایستەی ئازادی، کەرامەت و مافی بڕیاردانە لەسەر چارەنووسی خۆی، تەنانەت ئەگەر بزانین ئەمە لە کاتی جەنگ و دوای جەنگەکەشدا پڕ دەبێت لە مەترسی و ناسەقامگیری.
ڤۆن دێر لایەن هێرشی توندی کردە سەر ئێران و رایگەیاند، نابێت هیچ فرمێسکێک بۆ ئێران بڕێژرێت. ئێران مەرگ و سەرکوتکردنی بەسەر گەلەکەیدا سەپاندووە و 17 هەزار گەنجی کۆمەڵکوژ کردووە. هەروەها لە رێگەی گرووپە بریکارەکانیشیەوە وێرانی و ناسەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاو کردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە و سەبارەت بە لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەم گرژییانە، ڤاڵدیس دۆمبرۆڤسکی، کۆمسیاری ئابووریی یەکێتیی ئەوروپا، هۆشدارییەکی توندی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەگەر ململانێ و شەڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەیەکی درێژ بخایەنن، ئەوا دەبنە هۆی دروستبوونی شۆکێکی گەورەی هەڵاوسان کە بەرۆکی ئابووریی جیهان و ئەوروپا دەگرێتەوە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتیی ئەوروپا، ئابووریی جیهانی خستە نێوان دوو سیناریۆی جیاوازەوە. سەبارەت بە سیناریۆ ئەرێنییەکە گوتی: "لە باشترین بارودۆخدا، ئەگەر بێتو ململانێکان لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کۆنتڕۆڵ بکرێن و کۆتاییان بێت، پێشبینی دەکرێت کە کاریگەرییەکی گەورە و وێرانکەری لەسەر ئابووریی جیهان و ئەوروپا نەبێت."
هاوکات هۆشداریی دا لە سیناریۆی دووەم و رایگەیاند، ئەگەر قەیرانەکە زیاتر درێژە بکێشێت و پشێوی و دروستکردنی ئاستەنگ لە رێڕەوە دەریاییەکان و هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو بەردەوام بێت، ئەوا دۆخەکە بە تەواوی دەگۆڕێت.
لە کۆتاییدا دۆمبرۆڤسکی جەختی لەوە کردەوە کە سیناریۆی دووەم، بەهۆی بەرزبوونەوەی خێرای نرخەکانی وزەوە، دەرەنجامی کارەساتباری دەبێت و ئابووریی جیهان رووبەڕووی شۆکێکی هەڵاوسان دەکاتەوە کە کاریگەرییەکانی بە قورسی لەسەر بازاڕەکانی ئەوروپا و جیهان دەردەکەون.