ترەمپ: رێگە بە ئێران نادەم گەرووی هورمز دابخات
ترەمپ باس لەوە دەکات، دیاری من بۆ چین و وڵاتانی دیکە ئەوەیە، رێگە بە ئێران نادەم گەرووی هورمز دابخات، ئەگەر هەنگاوێکی لەو شێوەیەش بێن گورزی 20 هێندەیان لێ دەدەین و ڕووبەڕووی مەرگیان دەکەینەوە.
دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس رایگەیاندووە: ئەگەر ئێران هەنگاوێکی وا بنێت، هەناردەی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمز بوەستێت، گورزی 20 هێندەی بەهێزی لێ دەدەین و هێرشی وایان دەکەینە سەر بنیادنانەوەی ئێران مەحاڵ بێت، رووبەڕووی مەرگ و ئاگر و تووڕەیی دەبنەوە، بۆیە هیوادارم شتی لەو شێوەیە ڕوونەدات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، ئەم رێگرییە دیاری ئەمریکایە بۆ چین و ئەو وڵاتانەی گەرووی هورمز بەکاردەهێنن، هیوادارین قەردی بزانرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی کۆمارییەکان گوتی: سوپای ئەمریکا لە باشترین دۆخدایە، توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناو برد، ئەگەر ئەو کارەمان نەکردبا ئێران لە ماوەی دوو هەفتەدا دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، درۆن و مووشەکە ئێرانییەکان خەریکە بە تەواوی لەناو دەچێت، هێزی دەریای ئێرانیمان بە تەواوی لەناو بردووە، 46 کەشتیمان لەناو بردووە، ئێران هیچ سەرکردەی نەماوە سەرکردەی نوێ دێت ئەویش نامێنێت، لە بەرانبەر ئێران دەستەوەستان نابین.