وەزارەتی تەندروستیی لوبنان: لە هێرشەکانی ئیسرائیل نزیکەی 500 کەس کوژراون

ئەمرۆ سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە نوێترین ئاماریدا بڵاویکردەوە، رایگەیاند؛ ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتووەتە 486کەس.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی نێوان 2ـی ئادار  تا پاشنیوەڕۆی 9ـی ئادار، جگە لەو 486 کەسەی گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 313 کەسی دیکەش بریندار بوون. 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی "نەمیریە" لە باشووری لوبنان حەوت کەس کوژراون، هەروەها لە شارۆچکەی "شوکین" لە سارۆچکەی نەباتیە کەسێکی دیکە بووەتە قوربانی. لە رووداوێکی دیکەدا، تۆپخانەکانی ئیسرائیل شارۆچکەی "قەلایعە"یان تۆپباران کردووە و لە ئەنجامدا قەشەی پەرستگەی ئەو شارۆچکەیە گیانی لەدەستداوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنقەست تیمە تەندروستییەکانی کردووەتە ئامانج. ئاماژە بەوە دراوە کە ئەمبولانسێکی خاچی سووری لوبنانی لە شارۆچکەی "مەجدال زون" کراوەتە ئامانج، بەهۆیەوە دوو کارمەندی فریاگوزاری بریندار بوون.

گرژییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە 2ـی ئادارەوە رووی لە هەڵکشان کرد، کاتێک حزبوڵڵای لوبنان وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر هێرشی ئیسرائیل  بۆسەر ئێران بڕیاری شەڕی دژ بە تەلئەڤیڤ راگەیاند. لەو کاتەوە ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و زەمینییەکانی بۆ قووڵایی خاکی لوبنان فراوانتر کردووە.