واشنتن پۆست: ئەمریکا لە هێرش بۆ سەر ئێران، بە بەهای 5.6 ملیار دۆلار مووشەکی بەکارهێناوە
ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە راپۆرتێکدا، بە پشتبەستن بە زانیاریی سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکی، ئاشکرای کرد، تەنیا لە دوو رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڕی 5.6 ملیار دۆلاری لە تەقەمەنی و چەکی پێشکەوتوو خەرج کردووە.
ئەم ئامارە خراوەتە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا، شەپۆلێکی نیگەرانی لەلایەن یاسادانەرانەوە لێکەوتووەتەوە. بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس هۆشداریی دەدەن ئەم رێژە بەرزەی خەرجکردنی تەقەمەنییە "رێنماییکراوە وردەکان" (Precision-guided munitions)، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چەکی ئەمریکا لە کۆگاکانی و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکە دەبێت.
لە بەرامبەردا، چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەی ترەمپ داوای بودجەیەکی فریاگوزاری و زیادە (Supplemental funding) بکات کە بگاتە "دەیان ملیار دۆلار" بۆ بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان. پێشبینی دەکرێت ئەم داواکارییە رووبەڕووی دژایەتی توندی دیموکراتەکان ببێتەوە، کە پێشتر هەوڵیان دابوو سنوور بۆ فراوانبوونی شەڕەکە دابنێن بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
شۆن پارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن، لە وەڵامی نیگەرانییەکاندا دڵنیایی دایەوە سوپای ئەمریکا توانای تەواوی هەیە بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرکێک کە سەرۆک بڕیاری لێ بدات.
هاوکات، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی و جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش رایانگەیاند: دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل توانییان باڵادەستیی ئاسمانی بەسەر ئاسمانی ئێراندا بچەسپێنن، ستراتیژیی هێرشەکان گۆڕاوە. ئێستا سوپا کەمتر پشت بە تەقەمەنییە زۆر گرانبەها و دەگمەنەکان دەبەستێت و زیاتر بۆمبە رێنماییکراوەکانی لەیزەر بەکاردەهێنێت کە بەردەستتر و هەرزانترن.
بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونی چەکەکان و بەرگریکردن لە هێرشە پێشبینیکراوەکانی ئێران، ئەمریکا دەستی کردووە بە گواستنەوەی چەندین سیستەمی بەرگری لە ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە، گواستنەوەی سیستەمی بەرگریی مووشەکی THAAD لە کۆریای باشوورەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها گواستنەوەی پاترییەکانی مووشەکی پاتریۆت لە ناوچەی هیندستان و زەریای هێمنەوە.
بەرپرسانی سەربازی دەڵێن؛ ئەم هەنگاوانە "خۆپارێزیی پێشوەختەن" بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر تۆڵەسەندنەوەیەکی مووشەکی یان درۆنی ئێران، هەرچەندە ئاماژە بەوەش دەکرێت دوای هەفتەیەک لە دەستپێکردنی شەڕەکە، رێژەی هێرشەکانی ئێران کەمی کردووە.