ئیسرائیل قۆناخی دووەمی هێرشەکان دەستپێدەکات
کاربەدەستێکی باڵای سەربازی ئیسرائیل رایگەیاند، تەلئەڤیڤ ئامادەکاری بۆ هەڵمەتێکی سەربازی فراوان لە دژی ئێران دەکات، پێشبینی دەکرێت لانی کەم یەک مانگ بخایەنێت. ئەم لێدوانە دوای هەفتەیەک لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێت.
رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەرکانی گشتیی سوپای ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە: "سوپا خۆی بۆ هێرشێک ئامادە دەکات رەنگە چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت." ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، ستراتیژییەتەکە لەسەر بنەمای وتەکەی دۆناڵد ترەمپ داڕێژراوە کە باسی لە "تەسلیمبوونی تەواو" کردووە، گوتیشی: "نابێت هیچ ئامانجێکی دیکە جگە لەوە دابنێین."
سەبارەت بە ماوەی شەڕەکە، سەرچاوە سەربازییەکە روونی کردەوە ترەمپ باسی لە چوار هەفتە کردووە، بۆیە سوپای ئیسرائیل لانی کەم بۆ ماوەی مانگێک هەموو ئامادەکارییەکی پێویستی کردووە.
بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەکە، هەفتەی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر لەسەر هەوڵە هێرشبەرەکانی ئیسرائیل چڕ ببووەوە، بەڵام ئێستا پێشبینی دەکرێت گۆڕانکارییەک لە دابەشکردنی ئەرکەکان لە نێوان تەلئەڤیڤ و واشنتن رووبدات. باسی لەوەش کرد، "ئەمریکییەکان توانایەکی سەربازیی ئێجگار گەورە دەخەنە گەڕ و لە هێرشەکانیاندا بەگوێرەی بنەمای 'ئابووری چەک' کارناکەن، بەڵکو هەموو ئەو هێز و توانایەی لەبەردەستیاندایە بەکاری دەهێنن."
سەرچاوە سەربازییەکە ئاشکرای کرد، قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکە بریتی دەبێت لە "هێرشێکی سیستماتیکی بۆ سەر توانا سەربازی و پیشەسازییەکانی ئێران." ئامانجی ئەم قۆناخە فراوانکردنی بازنەی هێرشەکانە بۆ سەر ژێرخانی سەربازی، تەکنەلۆجی و پیشەسازیی ئێران بە مەبەستی گەیاندنی گورزێکی کوشندە و قووڵ بە تواناکانی ئەو وڵاتە.