راوێژکارەکانی ترەمپ داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران دەکەن
بەشێک لە راوێژکارەکانی داوایان لە دۆناڵد ترەمپ کردووە زوو جەنگی ئێران تەواوبکات بەرلەوەی رووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی ببێتەوە.
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باس لەوەدەکات، ژمارەیەک راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ دەستیان بە گوشار کردووە بۆ ئەوەی هەرچی زووە جەنگی ئێران تەواو ببێت، چونکە جەنگەکە بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و وزە، ئەمەش ئەگەری هەیە وەکو کارتێکی گوشار لە دژی سەرۆکی ئەمریکا بەکاربهێنرێت و قەیرانی قوڵی سیاسی بۆ دروست بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو راوێژکارانە ئاماژەیان بەوەکردووە؛ تا ئەوکاتەی ئێران بەردەوام بێت لە بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبیەکان، ترەمپ ناکرێت لە جەنگ بکشێتەوە، بەڵکو دەبێت بەرگرییان لێبکات.
هاوکات دوێنێ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نەمدەزانی لە خوولی دووەمی سەرۆکایەتیم هێندە سوپا بەکاردەهێنم، دەستکەوتی گەورەمان هەبووە، سوپای ئەمریکام بنیاتنایەوە.
ترەمپ گوتیشی: سوپای ئەمریکا لە باشترین دۆخدایە، توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناو برد، ئەگەر ئەو کارەمان نەکردبا ئێران لە ماوەی دوو هەفتەدا دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، درۆن و مووشەکە ئێرانییەکان خەریکە بە تەواوی لەناو دەچێت، هێزی دەریای ئێرانیمان بە تەواوی لەناو بردووە، 46 کەشتیمان لەناو بردووە، ئێران هیچ سەرکردەی نەماوە سەرکردەی نوێ دێت ئەویش نامێنێت، لە بەرانبەر ئێران دەستەوەستان نابین.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، هەڕەشەی تیرۆرستان قبووڵ ناکەین، نازانین کەی ئێران دەگرین، بەڵام دەبوو دوو رۆژ پێش ئێستا بگرین، ئەگەر هێرشی سەر ئێرانمان نەکردبا ئیسرائیل لەناو دەچوو، تەنانەت ئێستاش دەیانەوێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنترۆڵ بکەن، بۆیە ئەم شەڕە بەخێرایی تەواو دەبێت.
ترەمپ دەڵێت، جیهان لە سەردەمی بایدن گاڵتەی بە ئەمریکا دەکرد.