کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە نرخی بلیتەکانی بەرزکردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، کۆمپانیای 'ئێر نیوزلاند' بەهۆی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی بلیتەکانی بەرزکردووەتەوە.
کۆمپانیای ئێر نیوزلەندا رایگەیاندووە، نرخی بەرمیلێک سووتەمەنی فڕۆکە لە پێش جەنگی ئێران و ئیسرائیل، لە نێوان 85 بۆ 90 دۆلار بووە، بەڵام لەچەند رۆژی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە نێوان 150 بۆ 200 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گەشتەکانی جیهانی پەکخستووە و ترس لە کەمبوونەوەی کەرتی گەشت و گوزار هەیە، چونکە ئەگەری داخستنی گەشتە ئاسمانییەکان بەتەواوی لەو ناوچەیە زیادیکردووە.
کۆمپانیاکە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیەندووە، "کرێی ئابووری بۆ گەشتە ناوخۆییەکان بە بڕی 10 دۆلاری نیوزلەندی بەرزکردووەتەوە، گەشتە نێودەوڵەتییە کورتخایەنەکان 20 دۆلار و گەشتە نێودەوڵەتییە دوورەکان بە رێژەی 90 دۆلاری نیوزلەندی بەرزکردووەتەوە."
لەکاتێکدا کرێی فڕۆکە لەسەر رێگاکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا بەهۆی داخستنی ئاسمانی و سنووردارکردنی تواناکان بەرزبووەتەوە، کۆمپانیای ئێر نیوزلەندا یەکەمین هێڵی ئاسمانییە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکانی راگەیاند.
ئەمە لەکاتێکدایە لەوەتەی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، نرخی نەوت و گاز بەرز بووەتەوە، چونکە لە %20 کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، کە ئەم گەرووە لەلایەن ئێران داخراوە.