سیاسەتمەدارێکی هۆڵەندی: لە هەڵبژاردن ببمەوە، وەزارەتێک بۆ "پاککردنەوە لە ئیسلام" دادەمەزرێنم
"مزگەوت و قوتابخانە ئایینییە ئیسلامییەکان قەدەغە دەکەن"
K24 - هەولێر
سەرۆکی حیزبی ئازادیی لە هۆڵەندا، پەیمانی دا ئەگەر لە هەڵبژاردنی 17ـی ئازاری 2021 سەرکەوتوو بێت، وەزارەتێک بۆ "رێکخستنەوەی ئیسلام و کاروباری پەنابەران" دابمەزرێنێت.
ئەو حیزبە راستە توندڕەوە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، بەرنامەی هەڵبژاردنی 2021 - 2025ـی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا باسی دامەزراندنی وەزارەتی کۆچ، گەڕاندنەوەی پەنابەران و "پاککردنەوە لە ئیسلام" دەکات.
بەپێی بەرنامەی هەڵبژاردنەکە، حیزبی ئازادییەکان وەکو "پرەنسیپێکی گشتی" دان بە ئایینی ئیسلامدا دەنێت.
هەر لە بەرنامەکەدا هاتووە، ئەوان پێشوازی لەو کەسانە ناکەن، کە داوای پەنابەری دەکەن، مزگەوت و قوتابخانە ئایینییە ئیسلامییەکان قەدەغە دەکەن، بەهەمان شێوە رێگری دەکەن لە بڵاوبوونەوەی بیری ئیسلام لەڕێگەی قورئانەوە.
لەئەگەری بردنەوەی خێرت فێڵدرز، سەرۆکی حیزبی ئازادی، لە شوێنە گشتییەکان پۆشینی حیجاب قەدەغە دەکرێت، هەروەها داوای پەنابەری رادەگیرێت، سەنتەرەکانی پەنابەران دادەخرێن و ئەوانەی دوو رەگەزنامەیان هەیە، رێگەیان پێنادرێت خۆیان بپاڵێون لە هەڵبژاردنەکاندا.
فیدڵرز کە لەژێر چاودێرییەکی چڕی پۆلیسی هۆڵەندا دەژی، بەپێی ماڵپەڕی دۆچە ڤیلەی ئەڵمانی، شانازی دەکات بەوەی لەشەڕدایە دژی کۆچبەری و، تائێستاش چەندین جار دادگاییکراوە بەتۆمەتی جیاکاری لەنێوان گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکان.
ئەو حیزبەی فیدڵرز سەرۆکایەتیی دەکات، خاوەن دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییە لەدوای حیزبی "گەل لەپێناو ئازادی و دیموکراسی"، کە مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی وڵات سەرۆکایەتیی دەکات.