سێنتکۆم: لە ماوەی 10 رۆژدا زیاتر لە 5 هەزار ئامانجمان لە ئێران پێکاوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، پوختەی 10 رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی "داستانی توڕەیی" بڵاوکردەوە کە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکردووە.
سێنتکۆم رایگەیاندووە؛ ئۆپەراسیۆنەکە بە ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا بووە و تێیدا ژێرخانی سەربازی و ئەمنیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی راپۆرتەکە، زیاتر لە 5 هەزار ئامانجی جۆراوجۆر پێکراون، لەوانە بارەگاکانی فەرماندەیی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی دروستکردنی درۆن و مووشەکی بالیستی، و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی دژە کەشتی.
لە رووی دەریاییەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بە تێکشکاندنی زیاتر لە 50 کەشتی و ژێردەریایی ئێرانی کردووە. لەم هێرشانەدا جۆرەها فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو و بۆمبڕێژکەرە زەبەلاحەکانی وەک (B-1, B-2, B-52) و "توانای تایبەتی دیارینەکراو" بەکارهێنراون بۆ پەکخستنی تەواوەتی سیستەمی بەرگریی و پەیوەندییە سەربازییەکانی ئێران.