کۆشکی سپی: هێزەکانمان زۆر خێراتر لە کاتی دیاریکراو ئامانجەکانیان دەپێکن

سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی، پێشوەچوونە سەربازییەکانی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئامێز"ی (Epic Fury) بۆ سەر ئێران راگەیاند. لێڤت ئاشکرای کرد کە سوپای ئەمریکا زۆر خێراتر لە پلانی داڕێژراو ئامانجەکانی پێکاوە و لە ماوەی 10 ڕۆژی یەکەمی جەنگەکەدا زیاتر لە 5 هەزار ئامانجی ستراتیژییان لە ناو خاکی ئێران بۆردوومان کردووە، بە جۆرێک توانای مووشەکیی تاران بە رێژەی 90% و هێرشە درۆنییەکانیشیان بە رێژەی 85% کەمیان کردووە.

سێشەممە 10ی ئاداری 2026، کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکەی "تووڕەیی داستانئامێز" (Epic Fury) ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سەرەتا پلان وا بووە ئۆپەراسیۆنەکە 4 بۆ 6 هەفتە بخایەنێت بە ئامانجی لەناوبردنی توانای مووشەکی، وێرانکردنی هێزی دەریایی، رێگریکردنی هەمیشەیی لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و لاوازکردنی گرووپە میلیشیاکان، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا زۆر خێراتر لە کاتی دیاریکراو ئامانجەکانیان دەپێکن.

ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەوتنی زۆر بەرچاویان بەدەستهێناوە، و ئۆپەراسیۆنەکەش تەنیا بە بڕیاری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و کاتێک کۆتایی دێت کە ئێران بەتەواوی و بێمەرج خۆی رادەست بکات؛ راشیگەیاند، لە ماوەی 10 رۆژی سەرەتای جەنگەکەدا، سوپای ئەمریکا زیاتر لە 5 هەزار ئامانجی ئێرانیان پێکاوە. گوتیشی: هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بە رێژەی زیاتر لە %90 و هێرشی درۆنەکانیشیان بە رێژەی 85% کەمیان کردووە

هەروەها رایگەیاند کە ئەمریکا هێزی دەریایی ئێرانی بە تەواوی تێکشکاندووە و زیاتر لە 50 کەشتیی دەریایی ئێرانییان وێران کردووە، لەنێویاندا کەشتییەکی گەورەی هەڵگری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بە جۆرێک ئێستا هێزی دەریایی ئێران لەو ئاستەدا نەماوە کە بتوانێت شەڕ بکات؛ جەختی کردەوە کە ئێران پلانی هەبووە هێرش بکاتە سەر ئەمریکا، بەڵام ترەمپ رێگەی بەوە نەداوە و پێویستە هەموودان سوپاسگوزاری ئەو بڕیارە بن.

لەسەر قۆناغی ئێستای جەنگەکەش ئاشکرای کرد: سوپای ئەمریکا ئێستا هەنگاو دەنێت بۆ هەڵوەشاندنەوە و خاپوورکردنی ژێرخانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران. فڕۆکە بۆمبهاوێژە زەبەلاحەکانی جۆری (B-2) دەیان بۆمبی قورسی بڕی کێش 2 هەزار پاوەندییان فڕێداوەتە سەر بنکە مووشەکییە قووڵ و ژێرزەمینییەکانی ئێران."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی سەرنجی خستە سەر دۆخی ئابووری و دابینکردنی وزەی جیهانی، و رایگەیاند کە سەرۆک ترەمپ و تیمەکەی بە وردی چاودێریی بازاڕەکان دەکەن و بژاردەی دیکەیان لەبەردەستدایە بۆ پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ.

ئەو هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و گوتی: ئەگەر ئێران هەوڵی رێگریکردن لە رۆیشتنی نەوت و کاڵا لە گەرووی هورمز بدەن، ئەوا بە بەهێزترین سوپای جیهان، 20 هێندە قورستر لە جاران لێیان دەدرێت؛ هاوکات ڕەتی کردەوە کە سوپای ئەمریکا یاوەری هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگری لە گەرووی هورمزدا کردبێت .

سەبارەت بە هێرشەکەی سەر قوتابخانەیەک لە ناوچەی میناب، کۆشکی سپی رایگەیاند کە ترەمپ هەر ئەنجامێک لە لێکۆڵینەوەکان بکەوێتە دەست، وەک خۆی قبووڵی دەکات

ئاشکراشی کرد کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی سزاکانی سەر نەوتی هەڵپەساردووە بۆ رێگریکردن لە قەیرانی وزە، و سەرۆکی ئەمریکاش فەرمانی داوە کە کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا، لە کاتی پێویستدا یاوەری و پارێزگاری لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بکەن لە کەنداو.

کۆشکی سپی دڵنیایی دا کە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی کاتییە، و رایگەیاند کاتێک ئامانجەکانی ئەم جەنگە بەدەستهاتن، نرخی غاز و نەوت بە خێرایی دادەبەزێت، تەنانەت رەنگە لە نرخی پێش جەنگەکەش هەرزانتر بێت، چونکە ئیتر ئێران ناتوانێت هەڕەشە لە ئابووریی جیهان بکات.

سەبارەت بە ئەگەری ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو خاکی ئێران، کارۆڵاین لیڤت رایگەیاند، سەرۆک ترەمپ وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان هیچ بژاردەیەک رەت ناکاتەوە و هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی یەکجاری.