کێ دەبێتە میراتگری سیاسیی دۆناڵد ترەمپ ؟

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاشکرای دەکات، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پشت پەردەی بڕیارە سیاسی و سەربازییە هەستیارەکانەوە، ململانێیەکی توندی لە نێوان جەی دی ڤانسی جێگری و مارکۆ ڕوبیۆی وەزیری دەرەوەی دروست کردووە بۆ دیاریکردنی "میراتگری داهاتووی ماگا". بەپێی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەخشەرە داراییەکان لە یانەی مارالاگۆ، بە ئاشکرا سەرسامیی خۆی بۆ "شێوازە دیپلۆماسییە کوشندەکەی" ڕوبیۆ دەربڕیوە لە بەرانبەر "توندییەکانی" ڤانس، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەردوو سەرکردە گەنجەکە لەسەر پرسەکانی وەک هێرش بۆ سەر ئێران و داهاتووی هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکان، خاوەن دیدگای جیاوازن و هەریەکەیان نوێنەرایەتی ئاراستەیەکی جیاواز لە ناو حزبی کۆماریدا دەکەن.

کەمتر لە رۆژێک دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بە بۆردوومانکردنی ئێران کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یانەی مارالاگۆ لەگەڵ دەیان گەورە بەخشەری حزبەکەی کۆبووەوە. لە کاتێکدا ئامادەبووان سەرقاڵی خواردنی دەریایی و ستیکی گۆشت بوون، ترەمپ پرسیارێکی چاوەڕواننەکراوی ئاراستە کردن و گوتی: "راتان لەسەر جەی دی ڤانس و مارکۆ روبیۆ چییە؟" بەپێی گوتەی کەسانی ناو کۆبوونەوەکە، چەپڵەڕێزان و پێشوازیی میوانەکان بۆ روبیۆ زۆر گەرموگوڕتر بوو.

هەرچەندە هێشتا زیاتر لە دوو ساڵ و نیو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028 ماوە، بەڵام پرسی دیاریکردنی میراتگرێکی گونجاو بۆ ئیمپراتۆریەتی "ماگا" (Make america great again) بە تەواوی مێشکی ترەمپی داگیرکردووە. سەرۆکی ئەمریکا چەندین مانگە لە پشت پەردەوە و لە رێگەی راوێژکار، بەخشەر و دۆستەکانییەوە پرسیار لەسەر خاڵی هێز و لاوازیی جێگرەکەی و وەزیری دەرەوەی حکوومەتەکەی دەکات، و ئەم دوو سەرکردە گەنج و خاوەن خواستەی کۆمارییەکانی خستووەتە ململانێیەکی توندەوە، جا خۆیان بیانەوێت یان نا.

لە ماوەی رابردوودا، بەپێی گوتەی ئەو کەسانەی لە نزیکەوە قسەیان لەگەڵ سەرۆک کردووە، ترەمپ سەرسامییەکی زیاتری بە مارکۆ روبیۆ نیشان داوە. ئەو لە دانیشتنە تایبەتەکاندا ستایشی دەکات و بە هاوڕێکانی گوتووە کە پێی وایە سیناتۆرەکەی پێشووی فلۆریدا چانسی دەرچوونی لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرە.

گرنگیدانی بێوچانی ترەمپ بە سیاسەتی دەرەوە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا، روبیۆی خستووەتە چەقی گرنگترین و دیارترین بڕیارەکانی ئیدارەکەی، بە جۆرێک سەرۆک زۆرجار بۆ پرسە هەستیارەکان راوێژی پێ دەکات. ئەو بڕیارەی ترەمپ لە کۆتاییدا دەیدات، کاریگەرییەکی مێژوویی لەسەر حزبی کۆماری دەبێت و داهاتووی بزووتنەوەی پارێزگاران بۆ نەوەیەک دادەڕێژێتەوە؛ بەو پێیەی هەڵبژاردنی ڤانس واتە بەرزکردنەوەی ئایدیا پۆپۆلیستییەکان و دژایەتیکردنی دەستێوەردانی دەرەکی، لە کاتێکدا هەڵبژاردنی روبیۆ نوێنەرایەتی دیدگای "هەڵۆکان" و توندڕەویی سیاسەتی دەرەوە دەکات.

لە بەرانبەردا، روبیۆ لە راگەیاندنەکان و لە دانیشتنە تایبەتەکانیشدا جەختی کردووەتەوە، رکابەری ڤانس ناکات، کە بەپێی راپرسییەکان پێشەنگە بۆ بوون بە کاندیدی سەرۆکایەتی ساڵی 2028 و هەردووکیان وەک دوو دۆستی نزیک دەردەکەون، تەنانەت سوزی وایڵز، گەورە بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی رایگەیاند کە هەردووکیان بە یەک ئاست خزمەتی ئیدارەکە دەکەن و ئەو قسەوقسەڵۆکانەی میدیاکانیش تەنیا بۆ دروستکردنی دووبەرەکییە.

سەرەڕای ئەوەش، ترەمپ بەردەوامە لە هاندانی ململانێی نێوانیان، ئەمەش وایکردووە لە واشنتن لێکدانەوەی جۆراوجۆر بۆ دۆخەکە بکرێت و متمانە لە نێوان هاوپەیمانەکانی هەردووکیاندا دروست ببێت. لە چەند مانگی رابردوودا، لایەنگرانی ڤانس بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە پارە دەدرێتە چالاکوانە راستڕەوەکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر جێگری سەرۆک.

دۆناڵد ترەمپ جونیۆر، کوڕی سەرۆک و یەکێک لە سەرسەختترین پاڵپشتیکارانی ڤانس، لە مانگی کانوونی دووەمدا ئەم هەڵمەتەی بە ئاشکراترین و قێزەونترین ئۆپەراسیۆن لە مێژووی سۆشیاڵ میدیادا وەسف کرد. ئەمەش وایکردووە لە ناو ئیدارەکە و لە نێو سەرسەختترین لایەنگرانی ترەمپدا، دوو بەرەی جیاواز دروست ببن.

بەرەی ڤانس پشتی بە دۆناڵد ترەمپ جونیۆر و زۆرێک لە کەسایەتییە بەهێزەکانی "ماگا" بەستووە. تاکەر کارڵسۆن، پێشکەشکاری دیاری پێشوو، هەروەها ئێریکا کیرک، بێوەژنی چارلی کیرک و سەرۆکی گرووپی پارێزگارانی بەهێزی (Turning Point USA)، پاڵپشتی خۆی بۆ ڤانس وەک کاندیدی سەرۆکایەتی راگەیاندووە و گرووپەکەش پلانی هەیە نووسینگە کەمپەینەکانی خۆی لە ویلایەتەکان بۆ سەرخستنی بخاتە کار، هەرچەندە ئەم هەنگاوە لەلایەن کۆشکی سپییەوە بە پەلەکردن و پێشکەوتن لە بڕیارەکانی ترەمپ لێکدرایەوە.

لە رووی داراییەوە، ڤانس وەک سەرۆکی لیژنەی دارایی کۆمیتەی نیشتمانیی کۆمارییەکان (RNC)، پارەیەکی خەیاڵیی بۆ حزبەکە کۆکردووەتەوە؛ تەنیا لە یەک بۆنەدا بە بەشداریی جێف یاس گەورە بەخشەر، ئالێکس کارپ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پاڵانتیر و رایان لانس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆنۆکۆفیلیپس، نزیکەی 6 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، کە بۆنەکە لەلایەن ئارثەر شوارتز، راوێژکاری دێرینی ڤانسەوە رێکخرابوو و ترەمپ جونیۆریش تێیدا گوتاربێژ بوو.

لە بەرانبەردا، ڕوبیۆ پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی فلۆریدا، کۆمارییە بە رەچەڵەک ئیسپانییەکان، بەخشەرە گەورەکان و رێکخەرە جەماوەرییەکانی کەمپەینی 2016دا هەیە. لە لایەکی تریشەوە، بەشێک لە بەخشەرە جوولەکەکان نیگەرانن لە پەیوەندیی ڤانس لەگەڵ تاکەر کارڵسۆن کە کوڕەکەی لە تیمی ڤانسدا کار دەکات، چونکە ئەم بەخشەرانە کارڵسۆن بە کەسێکی دژە ئیسرائیل دەزانن.

کاتێک سەرنج دەخرێتە سەر لێدوانە ئاشکراکانی ترەمپ، تەرازووەکە زیاتر بەلای روبیۆدا دەشکێتەوە. سەبارەت بە پرسی هێرشەکانی سەر ئێران، ترەمپ لە کۆتایی هەفتەدا رایگەیاند: بە بڕوای من مارکۆ دەبێتە باشترین وەزیری دەرەوە لە مێژوودا. ئێستا رەنگە کەمێک لایەنداری بکەم چونکە خۆشم دەوێت."

پێشتریش لە مانگی شوباتدا لە بەردەم پارێزگارەکان، ڤانسی بە کەسێکی بلیمەت وەسف کرد کە هەندێک جار کەمێک توندە و دەبێت کەمێک خاوی بکەینەوە، لە کاتێکدا بۆ روبیۆ گوتی: "مارکۆ پێچەوانەکەیەتی، بە دەستکێشێکی ئاوریشمییەوە کارەکان دەکات، بەڵام هەر کوشندەیە." ئەم جیاوازییە لە دوو گرنگترین رووداوی خولی دووەمی ترەمپدا بە روونی دەرکەوت؛ کاتێک ئەمریکا هێرشی فراوانی کردە سەر ئێران و کاتێک سەرپەرشتیی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤێنیزوێلای کرد، روبیۆ راستەوخۆ لە تەنیشت ترەمپەوە بوو لە مارالاگۆ، بەڵام ڤانس تەنیا لە رێگەی ئۆنلاینەوە بەشدار بوو. بەرپرسانی کۆشکی سپی هۆکارەکەیان بۆ رێکارە ئەمنییەکان گەڕاندەوە کە گوایە زۆریی ئۆتۆمبێلەکان لە مارالاگۆ رەنگە دوژمنەکانیان لە جووڵە سەربازییەکان ئاگادار بکاتەوە، و جەختیان کردەوە کە ڤانس رۆڵی سەرەکیی لە داڕشتنی پلانەکاندا هەبووە.

هەڵوێستی هەردوو سەرکردەکە سەبارەت بە قەیرانە نێودەوڵەتییەکانیش جیاوازە. ڤانس دوای هێرشەکانی سەر ئێران بۆ ماوەی دوو رۆژ بێدەنگی هەڵبژارد، کە بە گوتەی یاریدەدەرەکانی بۆ ئەوە بووە کە دەرفەت بە ترەمپ بدات خۆی تاکە پەیامنێری ئیدارەکە بێت. کەسانی نزیک لە ڤانس دەڵێن، وێڕای ئەوەی پاڵپشتی هێرشەکەی کردووە، بەڵام هێشتا وەک سەربازێکی دێرینی جەنگی عێراق، نیگەرانە لە ئەگەری درێژەکێشانی شەڕەکە، چونکە بڕوای وایە ململانێ دەرەکییەکانی رابردوو خزمەتیان بە بەرژەوەندیی ئەمریکییەکان نەکردووە.

ترەمپیش ئاماژەی بەوە کرد کە ڤانس لە رووی فەلسەفییەوە کەمێک لەو جیاوازە و لەوانەیە کەمتر بە پەرۆش بووبێت بۆ هێرشەکە. لە بەرامبەردا، روبیۆ کە وەک "هەڵۆیەک" دەناسرێت، بووە رووخساری سەرەکیی ئیدارەکە بۆ هێرشەکانی سەر ئێران و لە کۆنگرێس زانیاریی دەدایە یاسادانەران، بەڵام ئەمە مەترسییەکی گەورەشی بۆ سەر پێگەی سیاسیی روبیۆ هەیە، چونکە ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکەی ئێران وەک هەڵەیەکی سیاسەتی دەرەوە سەیر بکرێت، باجەکەی قورس دەبێت.

روبیۆ هەروەها رووبەڕووی ڕەخنەی توندی پارێزگارەکان بووەوە کاتێک ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ لەبەر ئەوە هێرشی کردە سەر ئێران چونکە ئیسرائیل خۆی بۆ لێدانی تاران ئامادە دەکرد، کە دواتر پەشیمان بووەوە. ئەمە جگە لەوەی جیاوازیی شێوازی قسەکردنیان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە روونی دەرکەوت؛ ڤانس لە ساڵی 2025 بە قسە توندەکانی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی شۆک کرد، بەڵام روبیۆ ئەمساڵ بە شێوازە دیپلۆماسییەکەی وایکرد هەمووان بۆی هەستنە سەر پێ و چەپڵەی بۆ لێ بدەن.

ئێستا ترەمپ نەک تەنیا بۆ سیاسەتی دەرەوە، بەڵکوو بۆ پرسە ناوخۆیەکانی وەک مامەڵەکردن لەگەڵ کۆنگرێسیش راوێژ بە ڕوبیۆ دەکات. هەردووکیان سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکن بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی کۆمۆنیستی لە کوبا تا کۆتایی ئەمساڵ، کە ئەمەش خەونێکی دێرینی روبیۆی کوڕی پەنابەرانی کوبایە.

لە دەرەوەی سیاسەتیش، هاوبەشییان لە وەرزش و شاشەی تەلەڤزیۆن پەیوەندییەکەیانی بەهێزتر کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ ئەم بابەتە زیاتر وەک یارییەک دەبینێت و نایەوێت لەم قۆناغەدا بە فەرمی جێنشینێک دەستنیشان بکات، تەنانەت هیوای خواستووە هەردووکیان پێکەوە وەک سەرۆک و جێگرەکەی خۆیان کاندید بکەن، کە شارەزایان بە شتێکی مەحاڵی دەزانن.

ئەگەر ڤانس لە 2028 خۆی کاندید بکات، رەنگە روبیۆ چاوەڕێ بکات مەگەر ئەوەی ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرسێنێت. لە کاتێکدا کە هەردووکیان لە رابردوودا رەخنەگری سەرسەختی ترەمپ بوون، هۆکاری سەرەکیی هەڵبژاردنی ڤانس وەک جێگر لە 2024دا بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە پێیان وابوو ڤانس بۆ هەمیشە قەرزاری ترەمپ دەبێت بەهۆی سەرخستنی لە هەڵبژاردنەکانی سیناتۆری ئۆهایۆ لە 2022، لە کاتێکدا روبیۆ وەک پەروەردەی دەستی جێب بوش دەبینرا.

ئەوەی داهاتووی ڤانس یەکلا دەکاتەوە، هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمساڵە. ئەگەر بتوانێت سەرکردایەتی حزبەکە بکات بۆ پاراستنی زۆرینەی کۆنگرێس سەرەڕای خراپیی باری ئابووری، ئەوا پێگەی خۆی بە تەواوی دەچەسپێنێت، وەک چۆن لە ویلایەتی ئایۆوا دەنگدەری وەک کێلی کۆچ پێی وایە کاتی ئەوە هاتووە لافیتەکان بەناوی ڤانسەوە چاپ بکرێن. بەڵام ئەگەر کۆمارییەکان شکست بهێنن، دەنگەکان بۆ گۆڕینی ڤانس بەرزتر دەبنەوە.