سوپای پاسداران: هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز نزیک نەبووەتەوە
سوپای پاسدارانی ئێران هەواڵی تێپەڕبوونی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز ڕەت دەکاتەوە و کۆشکی سپیش پاشەکشە لە لێدوانەکەی وەزیری وزەی وڵاتەکەی دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کە تا ئێستا هیچ یاوەرییەکی سەربازی بۆ کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ئەنجام نەدراوە.
سێشەممە 10ی ئاداری 2026، عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران هەواڵی تێپەڕبوونی هەر کەشتییەکی ئەمریکی بە یاوەریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز ڕەت کردەوە و و ڕایگەیاند، لە کاتی دەستپێکردنی جەنگەکەوە هیچ کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی نەوێراوە لە دەریای عومان، کەنداوی عەرەبی یان گەرووی هورمز نزیک بێتەوە.
ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە هات کە کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لە پۆستێکدا ئاماژەی بەوە دابوو کە هێزی دەریایی ئەمریکا یاوەریی کەشتییەکی نەوتهەڵگری کردووە بۆ تێپەڕین لە گەرووی هورمز، بەڵام پۆستەکە تەنیا چەند خولەکێک دوای بڵاوکردنەوەی سڕدرایەوە.
لای خۆشییەوە، کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەواڵەکەی ڕەتکردەوە و گوتی: "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە هێزی دەریایی ئەمریکا لەم کاتەدا یاوەریی هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگری نەکردووە، هەرچەندە بێگومان ئەو بژاردەیە لەبەردەستدایە."