مه‌زارگه پیرۆزه‌كه‌ی "غه‌ریب داده" هیچ روفاتێكی تێدا نه‌بوو
ماوه‌ی 100 ساڵ بوو به‌پیرۆز ده‌زانرا و خه‌ڵك هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنرابوو
K24- هه‌ولێر:
دانیشتوانی شاری "چوروم" له ناوه‌ڕاستی توركیا تووشی شۆك بوون، كاتێك به‌ر له ماوه‌یه‌ك بینییان كه هیچ رووفاتێك له‌ناو گۆڕێ یه‌كێك له مه‌زارگه پیرۆزه‌كانیان نییه، كه ماوه‌ی 100 ساڵه گۆڕی پیاوچاكێك ده‌زانن و نه‌وه یه‌كله‌دوا یه‌كه‌كان به پیرۆز ناوی ده‌به‌ن.
ئه‌مه كاتێك ئاشكرا بوو، كه یه‌كێك له كۆمپانیای كاره‌كانی "إشغال"ی گشتی بۆ درووستكردنی رێگایه‌ك كه هه‌ردوو شه‌قامی غازی و قوبرس به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆجێیی و دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی ده‌سته‌ی فتوای خۆجێیی، هه‌وڵیاندا مه‌زارگه‌ی پیاوچاك "غه‌ریب داده" بگوازنه‌وه شوێنێكی دیكه، چونكه له نه‌خشه‌دا مه‌زارگه‌كه ده‌كه‌وتبووه ناوه‌ڕاستی ئه‌و رێگایه‌ی كه بریار بوو درووستی بكه‌ن.
له‌كاتی كاركردن بۆ گواستنه‌وه‌ی روفاتی ئه‌و پیاوچاكه، كارمه‌ندانی كۆمپانیاكه تووشی شۆك بوون، كاتێك بینییان هیچ روفاتێكی مرۆڤ له‌ناو گۆڕه‌كه‌دا نییه، كه ماوه‌ی زیاتر له سه‌ده‌یه‌ك بوو خه‌ڵكی ناوچه‌كه به‌پیرۆزیان ده‌زانی.
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی زه‌مانی توركی
H.B