بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانان لە هەولێر بەرپەرچی هێرشێکی دایەوە
بارەگای حەشدی شەعبی لە مووسڵ دووجار کرایە ئامانج
بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانان لە هەولێر بەرپەرچی هێرشێکی دایەوە و لە دەشتی نەینەواش بارەگاکانی حەشدی شەعبی کرانە ئامانج.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، پەیامنێرانی کوردستان24، ئاماژەیان بەوە دا، ئەمشەو ژمارەیەک درۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون، بەڵام سەرجەمیان تێکشکێندراون.
بەکر سلێمان، پەیامنێری کوردستان24، لە سۆران رایگەیاند: کاتژمێر 12ـی ئەمشەو سێ درۆن ئاراستەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراون و سەرجەمیان تێکشکێندراون، هەرسێ درۆنەکە ئاراستەی چیای کۆڕەک کراون و درۆنێکی دیکە لە چیای بەنی هەریر تێکشکێندرا.
پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی: لە ماوەی رابردوو هەموو درۆنانەی لە ئاسمانی سۆران تێکشکێندراون زیانی گیانیان نەبووە، هەروەها پێشتر هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکانی دەزگا ئەمنییەکان نەبوون، بەڵام ئێستا هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکانن و لە کاتی کەوتنی درۆنەکان ناچنە شوێنی رووداوەکە.
هەروەها دەرمان باعەدری پەیامنێری کوردستان24، لە نەینەوا رایگەیاند: نیو کاتژمێر پێش ئێستا لە ناوچەیەک عین سفرەی پێ دەگوترێت، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە دووجار بارەگای حەشدی شەعبی بۆردوومانکرا، لیوای 30 حەشدی شەعبی لەو سنوورە بارەگەیان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاری لەبارەی زەرەر و زیانەکان رانەگەیەنراوە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا چەندین جارە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە سنووری دەشتی نەینەوا لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانەوە دەکرێنە ئامانج.