ژەنەراڵ دان کین: سوپای ئێران لەوە لاوازترە کە چاوەڕێمان دەکرد
ژەنەراڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پێنتاگۆن رایگەیاند؛ هەرچەندە سوپای ئێران بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵام توانای سەربازی ئەو وڵاتە لەوە لاوازترە کە چاوەڕیمان دەکرد کە تەحەدایەکی گەورە بۆ پلاندانەرانی سەربازی ئەمریکا دروست بکات.
ژەنەراڵ کین ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان سەرکەوتوو بوون لە پەکخستنی بەشێکی بەرچاو لە توانا دەریاییەکانی ئێران. رایگەیاند؛ لە ماوەی 10 رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە زیاتر لە 50 کەشتیی دەریایی ئێران نوقم بکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM)، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "داستانی تووڕەیی"دا، تا ئێستا هێرش کراوەتە سەر زیاتر لە 5 هەزار ئامانجی جۆراوجۆر لە ناوخۆی ئێران و ناوچەکەدا.
لە بەرامبەر هێرشەکاندا، تاران پەنای بۆ بەکارهێنانی مووشەک و درۆن بردووە. هەرچەندە زۆربەی هێرشەکان لەلایەن سیستەمە بەرگرییەکانەوە تێکشکێنراون، بەڵام لە یەکەم رۆژی جەنگدا هێرشێکی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە کوێت، بووە هۆی کوژرانی شەش سەربازی ئەمریکی.
ئەم لێدوانانەی ژەنەراڵ کین هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندراوێکی پیت هیگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە سوپاکەیان خۆی بۆ بەهێزترین رۆژی هێرشەکان بۆ سەر ئێران ئامادە دەکات.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێستای پێنتاگۆن، تێکشکاندنی ئەو کەشتییە ئێرانییانەیە کە مین لە دەریا دادەنێن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەرووی هورمز، کە سەدا20ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە بەرووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخراوە و ئەمریکا تاوتوێی بژاردەی پاراستنی راستەوخۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەکات لەو ناوچە ستراتیژییەدا.