نیویۆرک تایمز: بەرپرسانی ئەمریکا لە نەبوونی ستراتیژێکی روون بەرامبەر ئێران رەشبینن
بەرپرسانی ئەمریکا: ترەمپ هێشتا باس لە سەرکەوتن دەکات
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کردووە، شەپۆلێکی رەشبینی بەشێک لە بەرپرسانی ناو ئیدارەی ئەمریکای گرتووەتەوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی ستراتیژێکی روون و دیار بۆ کۆتاییهێنان بەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی کە لە ناوچەکەدا سەری هەڵداوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەکە، ئەم بەرپرسانە لە کاتێکدا نیگەرانن لە ئایندەی ململانێکان، بەڵام خۆیان لە ئاگادارکردنەوەی راستەوخۆی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بەدوور دەگرن. ئەمەش لە کاتێکدا ترەمپ بەردەوامە لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا سەرکەوتنی تەواوەتییان بەدەستهێناوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە؛ هەڕەشەکانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز، بووەتە هۆی داخستنی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداو و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ئەم پێشهاتە وایکردووە ئیدارەی واشنتن بە پەلە بەدوای رێگایەکدا بگەڕێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لێکەوتە ئابوورییەکانی ناوخۆی ئەمریکا کە بەهۆی گرانبوونی وزەوە دروست بووە.
بەرپرسانی ئەمریکا بۆ نیویۆرک تایمز دانیان بەوەدا ناوە پێشتر ڕاوێژکارانی ئیدارەکە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزیان لەلایەن ئێرانەوە بە دوور دەزانی، بەڵام پێشهاتەکانی دوای شەڕی 12رۆژەی مانگی حوزەیرانی رابردوو دەریانخست هەڵسەنگاندنەکانیان نادروست بووە. ئێران بە شێوەیەکی شەڕانگێزانەتر وەڵامی داوەتەوە، چونکە ئەم ململانێیەی وەک هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر قەوارەکەی تێگەیشتووە.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخەکە، بەشێک لە سەرکردەکانی پارتی کۆماری نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕیوە. ئەوان دەترسن بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ناسەقامگیری ئابووری، کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی پارتەکەیان هەبێت لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی ئەمریکا (Midterms) کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجام بدرێت.