جەنگ بووەتە هەڕەشەیەکی دیکە لەسەر ژینگەی تاران

وێنەی تەقینەوەی کۆگایەکی نەوت بەهۆی بۆردوومانەوە لە تاران
وێنەی تەقینەوەی کۆگایەکی نەوت بەهۆی بۆردوومانەوە لە تاران

دوای ئاگادارکردنەوەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بە سەرهەڵدانی دیاردەی "بارانی رەش" لە ئێران، کە بەهۆی تێکەڵبوونی دڵۆپە باران لەگەڵ پاشماوەی سووتەمەنی و پاشماوە نەوتییەکان دوای هێرشە ئاسمانییەکان دروست دەبێت، مەترسییە ژینگەیی و تەندروستییەکان لە ناوچەکەدا روویان لە زیادبوون کردووە، بەتایبەت لە ئەگەری سەرهەڵدانی کێشەی کۆئەندامی هەناسە بۆ هاووڵاتییان.

بە گوێرەی پسپۆڕان هێرشە ئاسمانییەکان و تەقینەوە بەهێزەکان هەندێکجار دەبنە هۆی دروستبوونی "هەژانی رووکەشی"  کە ئامێرەکانی بوومەلەرزەزانی تۆماری دەکەن، بەڵام ئەمە ناگاتە ئاستی بوومەلەرزەی بەهێز کە کار لە چینە قووڵەکانی توێکڵی زەوی بکات.

هەروەها ئەوەی روودەدات تەنیا لەرەلەرێکی رووکەشییە و لە ناوچەکانی جەنگدا شتێکی باوە، وەک ئەوەی لە کاتی بۆردوومانەکانی غەززەدا تۆمار کرا، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پێکهاتەی جیۆلۆجی زەوی نەبووە و نەبووەتە هۆی بوومەلەرزەی سروشتی.

مەترسیی تیشکدانەوە و یۆرانیۆم

 مەترسییە گەورەکە لە بوومەلەرزەدا نییە، بەڵکو لە بەئامانجگرتنی ئەو شوێنە هەستیارانەدایە کە یۆرانیۆمی پیتێنراویان تێدایە. لێدانی ئەو شوێنانە دەبێتە هۆی دزەکردنی تیشکدەرە مەترسیدارەکان کە کاریگەرییەکی درێژخایەنیان لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە دەبێت.

سەبارەت بە "بارانی رەش"یش کە دەرەنجامی سووتانی دامەزراوە نەوتییەکانە؛ دووکەڵ و گازە ژەهراوییەکان (وەک دوانە ئۆکسیدی کاربۆن) لەگەڵ هەڵمی ئاوی ناو هەوا تێکەڵ دەبن و لە کاتی باریندا بە شێوەی بارانێکی رەش و پیس دێنە خوارەوە.

ئایا تەقینەوەکان دەبنە هۆی "خێراکردنی" بوومەلەرزە؟

لە رووی زانستییەوە ئەگەر تەقینەوەکان لە نزیک (درزە جیۆلۆجییە چالاکەکان) بن، رەنگە پەستانی تەقینەوەکە ببێتە هۆی خێراکردنی روودانی بوومەلەرزەیەک کە بڕیار بووە لە بنەڕەتدا بە شێوەیەکی سروشتی لە داهاتوودا رووبدات.

بەڵام ئەگەر لە ناوچەیەکدا "درزی چالاک" (Active Fault) بوونی نەبێت، مەحاڵە بۆردوومان و تەقینەوە ببێتە هۆی دروستبوونی بوومەلەرزە، چونکە بوومەلەرزە پەیوەندی بە جووڵەی پلێتە تەکتۆنییەکانەوە هەیە لە قووڵایی زەویدا.

لە کۆتاییدا، شارەزایان کۆکن لەسەر ئەوەی تا ئێستا لە مێژوودا هیچ بەڵگەیەکی زانستی پشتڕاستکراوە نییە کە بیسەلمێنێت بۆردوومانی سەربازی بە تەنیا بووبێتە هۆی دروستکردنی بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر، بەڵام مەترسییە ژینگەیی و تیشکدەرەکان وەک هەڕەشەی سەرەکی دەمێننەوە.