ئەنبار.. لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی کوژراو و بریندار هەیە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند؛ هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر بارەگایەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناحیەی قائیم لە رۆژاوای پارێزگای ئەنبار، کە دەکەوێتە سەر سنووری عێراق-سووریا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە راستەوخۆ بارەگایەکی ئەو هێزانەی کردووەتە ئامانج. ئامارە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا کەسێک کوژراوە و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی ئەو لایەنەی هێرشەکەی ئەنجامداوە بە فەرمی رانەگەیەندراوە.

ئەم هێرشە نوێیە لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا چەندین هێرشی هاوشێوە کراوەتە سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە، بابل و نەینەوا، کە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم هەڵکشانە سەربازییە لە چوارچێوەی فراوانبوونی ململانێ هەرێمییەکان و گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی لایەنە لایەنگرەکانی ئێران دێت. لەم چوارچێوەیەدا، بنکە سەربازییەکان و بارەگاکانی لایەنە جیاوازەکان، لەگەڵ دەوروبەری فڕۆکەخانەکانی بەغدا و هەولێر، بەردەوام رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبنەوە.