بەرپرسی پۆلیسی ئێران: هەرکەسێک بە قسەی دوژمن بێتە سەرشەقام، بە خۆپیشاندەر دانانرێت
دوای ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە ئێرانییەکان کرد دژی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان راپەڕن، پۆلیسی ئێران هۆشداری دایە هاووڵاتیانی لەوەی خۆپیشاندان بکەن و ناڕەزایەتی دەرببڕن.
ئەحمەد رەزا رادان، بەرپرسی پۆلیسی ئێران بە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، هەرکەسێک لەسەر فەرمانی دوژمن بچێتە سەر شەقامەکان، چیتر بە خۆپیشاندەر دانانرێت، بەڵکو بە دوژمن دادەنرێت و بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین.
بەرپرسەکەی پۆلیسی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو هێزەکانمان لە ئامادەباشییەکی تەواودان، پەنجەکانیان لەسەر پەلاپیتکەیە."
پێشتر ناتانیاهۆ لە پەیامێکدا کە ئاراستەی گەلی ئێرانی کردبوو، داوای لە ئێرانییەکان کردبوو کە یاخیبن لە حکوومەتەکەیان، ئەو شەڕەی ئیسرائیل و ئەمریکای بە "شەڕی مێژوویی بۆ ئازادی" وەسف کردبوو.
ناتانیاهۆ نووسیویەتی، "ئەمە دەرفەتێکە و یەکجار لە ژیاندا روودەدات بۆ رووخاندنی حکوومەت و بەدەستهێنانی ئازادیی خۆتان"، دەشڵێت "ئێوە داوای هاوکاریتان کرد و ئێستا هاتۆتە ئاراوە".
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار هانی ئێرانییەکانی داوە کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دەرفەتێک بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان سەیر بکەن.