مەسرور بارزانی لە ساڵیادی رێککەوتننامەی 11ـی ئادار: جەخت لە داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتەکانمان دەکەینەوە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە یادی واژۆکردنی رێککەوتنامەی 11ـی ئادار، جەخت لە داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتە نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بە بۆنەی ساڵیادی واژۆکردنی رێککەوتنامەی 11ـی ئاداری 1970 بڵاوکردەوە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رێککەوتنامەکەی بە "دەسکەوتێکی مێژوویی و بەهاداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رابەرایەتیی رێبەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر" وەسف کردووە.
سەرۆکی حکوومەت لەم یادە گرنگەدا، جەخت لە داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتە نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 دەسکەوتێکی مێژوویی و بەهاداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی ڕێبەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر بوو.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) March 11, 2026
لەم یادە گرنگەدا، جەخت لە داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتە نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
رێککەوتنامەی 11ـی ئاداری 1970
رێککەوتنامەی 11ـی ئاداری 1970، یەکێکە لە گرنگترین رێککەوتنە مێژووییەکان لە نێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی کورد بە رابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی و حکوومەتی ئەوکاتی عێراق (حیزبی بەعس). ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکە کۆتاییهێنان بوو بە شەڕ و داننان بوو بە مافە نەتەوەییەکانی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا.
گرنگترین خاڵەکانی ڕێککەوتننامەکە بریتی بوون لە:
1. داننان بە ئۆتۆنۆمی (حوکمی زاتی): بۆ ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن.
2. زمانی کوردی: وەک زمانی فەرمی لەپاڵ زمانی عەرەبی لە ناوچە کوردییەکاندا ناسێنرا.
3. بەشداری لە دەسەڵات: کورد بەشداری لە دەسەڵاتی ناوەندیدا دەکات و یەکێک لە جێگرانی سەرۆککۆمار کورد دەبێت.
4. داننان بە نەتەوەی کورد و مافە ڕۆشنبیری و نەتەوەییەکانیان.
5. کەرکووک: بڕیار درا سەرژمێری لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر بکرێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان و گەڕانەوەیان بۆ سەر ھەرێمی ئۆتۆنۆم.
چارەنووسی رێککەوتننامەکە:
بەڵام، رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ نەکرا. حکوومەتی عێراق لە چەندین خاڵی سەرەکی پاشگەز بووەوە، بەتایبەتی لە پرسی دیاریکردنی سنووری ناوچەی ئۆتۆنۆمی و چارەنووسی شاری کەرکووک. ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە ساڵی 1974.
لەگەڵ ئەوەی شکستی هێنا، ڕێککەوتنی 11ـی ئادار وەک یەکەم بەڵگەنامەی فەرمی و مێژوویی دادەنرێت کە حکوومەتێکی عێراقی دانی بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورددا نابێت و بووە بنەمایەک بۆ داواکارییەکانی دواتری کورد بۆ فیدراڵی لە عێراقدا.