ئاسایشی سلێمانی: بە شەش درۆن و مووشەکێک هێرش کراوەتە سەر زڕگوێزەڵە

دیمەنێکی گوندی زڕگوێزەڵە
دیمەنێکی گوندی زڕگوێزەڵە

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بە شەش درۆن و مووشەکێک هێرشکراوەتە سەر گوندی زڕگوێزەڵە و بەهۆیەوە کەسێک شەهید بووە. 

ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، کاتژمێر 08:15 خولەک، بە شەش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکێک، هێرش کرایە سەر گوندی زرڕگوێزەڵە. 

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، لە هێرشەکەدا "یەک شەهید و یەک بریندار هەیە و لێکۆڵێنەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".

پێشتر کوردستان24 هەواڵی هێرشکردنە سەر گوندەکەی بڵاوکردبووەوە. پەیامنێرمان هودا عوسمان رایگەیاند، بەشێکی درۆنەکان ناوەندی گوندەکە و هەندێکی دیکەشیان شاخەکانی دەوروبەریان کردوونەتە ئامانج و زیانی زۆری ماددی بەر ماڵ و موڵکی دانیشتووان کەوتووە.  

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردووشدا، گوندەکە چەند جارێک بە درۆن هێرشی کراوەتە سەر. 

لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران؛ رۆژانە گرووپە چەکدارەکان بە درۆن و مووشەک ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج و و بەوهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بوونەتە قوربانی. 

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان چەند جارێک داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە، سەروەری وڵاتەکەی بپارێزێت، سنوورێک بۆ هێرشەکان دابنێت و تاوانباران دەستگیر بکات، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی بەغدا هیچ هەنگاوێکی کردەییان بۆ راگرتنی پەلامارادانەکان نەناوە.