هێرش کرایە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە کەرکووک
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: هێرش کراوەتە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە کەرکووک و لە ئەنجامدا چوار ئەندامی حەشد کوژران.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2026، سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24، گوتی: لە کەرکووک هێرش کراوەتە سەر فەوجی هێزی تایبەتیی حەشدی شەعبی، کە بارەگاکەیان لە ئەمیندارێتیی حەشدی شەعبی لە پشت زانکۆی ئیمام جەعفەری سادقە.
به پێی زانیارییهكانی پهیامنێری كوردستان24، لە ئەنجامی هێرشەکەدا چوار ئهندامی حهشدی شهعبی كوژران و شهشی دیکەش بریندار بوون.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، واشنتن بە بەردەوامی لە شار و ناوچە جیاوازەکانی عێراق، بارەگاکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان بە ئامانج دەگرێت.
ئەم هێرشانەی ئەمریکا بۆ سەر حەشد و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی سەر بە حەشد، لە وەڵامی ئەوەیە کە هەمیشە لە رێگەی درۆن و مووشکەوە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە، لە رێگەی ئەم هێزە چەکدارانە دەکرێنە ئامانج.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.