سۆمۆ: بە ئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان گورزێکە لە ئاسایش و ئابووریی عێراق
کۆمپانیای سۆمۆ، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بەو هێرشە راگەیاند، کە کرایە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا. سۆمۆ هۆشداری دەدات کە ئەم جۆرە کردەوانە نەک تەنیا مەترسین بۆ سەر سەلامەتیی کەشتیوانی، بەڵکو کاریگەریی نەرێنیی گەورە و راستەوخۆ دەکەنە سەر ئاسایش و پێگەی ئابووریی وڵات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـیت ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی رای گشتی و ئاژانسەکانی هەواڵی کردووە، زانیاریی وردی لەسەر ئەو هێرشە بڵاوکردەوە کە کرایە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە سنووری ئاوە هەرێمییەکانی عێراق.
لە راگەیەنراوەکەی سۆمۆدا هاتووە، هێرشەکە لە کاتێکدا روویداوە کە هەردوو کەشتییەکە لە پرۆسەی (گواستنەوەی بەرهەمی نەوتی لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە)دا بوون لە نێو ئاوە هەرێمییەکانی عێراق.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکە کۆمپانیای سۆمۆ زەنگی مەترسی لێدا و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە پێشهاتانە بە شێوەیەکی نەرێنی و راستەوخۆ کار دەکەنە سەر ئاسایش و ئابووریی عێراق، و هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر سەلامەتیی هاتوچۆی دەریایی و چالاکییە نەوتییەکان لە ناوچەکەدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردبووەوە، دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە نزیک بەندەری ئوم قەسر لە پارێزگای بەسرە کراونەتە ئامانج.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو، بەهۆی رووداوەکە سەرنشینی یەکێک لە کەشتییەکان گیانی لە دەست دا، بەڵام توانرا 20 سەرنشینی دیکە رزگار بکرێن.