نێچیرڤان بارزانی و سەڵاحەددین بەهائەددین: مەترسییەکانی ناوچەکە یەکڕیزیی ناوخۆیی دەخوازن
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەڵاحەددین بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوی سەرۆکایەتی، "هەردوولا هاوڕا بوون کە هەستیاریی قۆناغەکە و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا، دەخوازێت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکڕیز و تەبا بن، بۆ ئەوەی پێکەوە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوە و قەوارەی فیدراڵی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بپارێزن".
نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە "وەک هەمیشە لە هەوڵەکانی بۆ لێکنزیکخستنەوەی لایەنەکان و پاراستنی یەکڕیزی بەردەوام دەبێت، تاکوو هەرێمی کوردستان بە ئارامى و سەقامگیری ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنێت".
ئاماژە بەوەش کراوە "لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە. سەڵاحەددین بەهائەددین دەستخۆشیی لە هەوڵە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و رۆڵی بەڕێزیانی لەمبارەیەوە بە گرنگ نرخاند".