ئێران 42ـەمین شەپۆلی هێرشەکانی دەستپێکرد

سوپای پاسداران 42ـەمین شەپۆلی هێرشە مووشەکییەکانی لە چوارچێوەی بەڵێنی راستگۆیی 4 دەستپێکرد و رایگەیاند، بنکەی سەربازە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026، بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هێرشە مووشەکییەکانی ئەمجارەیاندا، مووشەکەکانی عیماد، قەدر، خەیبەرشکێن و فەتاح بەکارهاتوون.

هەروەها ئاماژەیداوە، هێرشەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، جیا لە مووشەک، درۆنی بۆمبڕێژکراویشیان بەکارهێناوە و ئاراستەی جەرگەی تەلئەڤیڤ و بنکەی سەربازە ئەمریکییەکانیان کردووە.

هێرشی تێکەڵەی مووشەک و درۆنی هێزەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و ناوچەکە، کەمێک دوای خوێندنەوەی پەیامی موجتەبا خامنەیی رێبەری نوێی ئێران هات، کە جەختی لە بەردەوامبوونی جەنگ دژی ئەمریکا و ئیسرائیل کردەوە و داواشی لە وڵاتانی ناوچەکە کرد، کە هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانیان دەربکەن و بارەگاکانیشیان دابخەن.