وەزیری نەوتی عێراق: بەدوای جێگرەوەی هەناردەی نەوتەوەین
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە پلانێکی توندوتۆڵیان بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی ئێستا بەهۆی بارودۆخی گەرووی هورمزەوە داناوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەدوای جێگرەوەی گونجاودا دەگەڕێن بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو، هاوکات جەختی کردەوە کە بەرهەمهێنانی ئێستا پێداویستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، رایگەیاند: هەناردەکردنی نەوت ٪90 داهاتی عێراق پێکدەهێنێت، وەزارەت بڕیاری داوە بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بە ئاستی 1.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
دووپاتیشی کردەوە کە ئاسانکاری و رەوتی تەواو لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابینکردنی پێکهاتە نەوتییەکان بۆ پرکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بوونی هەیە.
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەش کرد: پاڵاوگەکان بە تەواوی توانای دیزاینکراوی خۆیان کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان، هەروەها بری پێویستی گازی شل بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ بە تەواوی بەردەستە.
سەبارەت بە پرسی هەناردەکردن، وەزیری نەوت روونی کردەوە کە پرۆسەی هەناردەکردن لە باشوورەوە وەستاوە، ئەمەش وایکردووە بەدوای جێگرەوەی گونجاودا بگەڕێین بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو.
هەروەها ئاشکرای کرد کە واژۆکردنی ڕێککەوتنامەیەک سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری جەیهانی تورکیاوە نزیکە.
عەبدولغەنی گوتیشی: وەزارەت پلانێکی توندوتۆڵی بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی ئێستا داناوە، بەتایبەت دوای ئەو بارودۆخە نوێیەی لە گەرووی هورمز هاتۆتە پێشەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە پلانێک بۆ گواستنەوەی 200هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە رێگەی تانکەرەوە (حەوزییەکان) بۆ تورکیا، سووریا و ئوردن چالاک کراوە.