وەزیری بەرگریی بەریتانیا: پوتن دەستی لە پشتی هێرشە درۆنییەکانی ئێرانە
وەزیری بەرگریی بەریتانیا جۆن هیلی دەڵێت: ڤلادیمیر پوتن دەستی شاراوەی پشت تەکنیکی هێرشە درۆنییەکانی ئێرانە بۆ سەر هێزی هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا.
جۆن هێڵی رایگەیاندووە، چەند ئەفسەرێکی پلە باڵای بەریتانیا پێیانڕاگەیاندووە، کە ئێران سوود لە تاکتیکی سەربازیی رووسیا دەبینێت بۆ هەڵدان و پێکانی ئامانجەکانی بە درۆنی بۆمبڕێژکراو.
بە گوێرەی ئامارەکان، ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل؛ لە 28ی مانگی رابردووەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئاراستەی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی دراوسێ کردووە و بەهۆی ئەم جەنگەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتانی کەنداو و هەناردەشی بەهۆی داخراوی گەرووی هورمز راگیراوە.
هیلی لەمبارەوە دەڵێت "جێگەی سەرسووڕمان نییە، پوتن لە پشت ئەو تاکتیکە سەربازیانەوە بێت کە ئێران بۆ هەڵدانی درۆن و بە ئامانجگرتنی ناوچەکە بەکاری دەهێنێت، چونکە تاکە سەرکردەی جیهانە لەم دۆخە سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبینێت، ئەم جەنگەی ئێران لە رووی داراییەوە هاوکاریی پوتنە بۆ جەنگی ئۆکرانیا".