فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ هاووڵاتیان: ڤیدیۆی کەوتنی درۆنەکان بڵاو نەکەنەوە
لە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو ژمارە مۆبایل و چەند رێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە و هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و رێگری لە هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی، ڤیدیۆی کەوتن یان ئاراستەکردنی درۆن لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بڵاو نەکەنەوە.
هەروەها ئاماژەیداوە، ڤیدیۆن نابێت بۆ کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان بنێردرێت، لەبری ئەمە ڤیدیۆکان بۆ ئەو دوو ژمارەیەک بنێرن کە فەرمانگەکە بڵاویکردووەتەوە. ئاماژەیداوە، کە نزیکبوونەوە لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، یان وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی دیمەنەکان، بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت دەکاتەوە، هەر کەس و میدیایەک وێنە و دیمەنی ڤیدیۆیی شوێنە بە ئامانجگیراوەکان بڵاو بکاتەوە، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.
راگەیاندراوێک لە فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە
ئاگاداری سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی (ناوخۆیی و بیانی) و هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەینەوە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و رێگریکردن لە هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی، پێویستە هەمووان پابەندی ئەم رێنماییانەی خوارەوە بن:
یەکەم: هەر کەسێک ڤیدیۆی کەوتن یان ئاراستەکردنی درۆن بگرێت، با تەنیا بۆ ئەو ژمارانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە بنێردرێت.
+964 751 504 8007
+964 750 155 8788
چونکە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە بدرێتە میدیاکان، یان لە پەیج و هەژماری کەسی بڵاوی بکاتەوە. بە پێچەوانەوە، سەرپێچیکار رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
دووەم: نزیکبوونەوە لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، یان وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی دیمەنەکانیان، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
سێیەم: دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەبێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە، مامەڵە بکەن و شوێنی ڕووداوەکان ئاشکرا نەکەن، هەر کەناڵێک پابەند نەبێت، ڕێکاری یاسایی توندی لە بەرامبەر دەگیرێتە بەر.