توركیا ئامادەیە كۆمەڵەی دووەمی سیستەمی "ئێس-400" بكڕێت، بەڵام بە مەرج
سەرۆكی پێشەسازییە بەرگرییەكانی توركیا، ئیسماعیل دەمیر رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە كۆمەڵەیەكی دیكەی سیستەمی "ئێس-400" لە رووسیا بكڕێت، بە مەرجێك تەكنەلۆجیای درووستكردنی ھاوبەشی بگوازرێتەوە بۆ توركیا.
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی پێشەسازییە بەرگرییەكانی توركیا، ئیسماعیل دەمیر رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە كۆمەڵەیەكی دیكەی سیستەمی "ئێس-400" لە رووسیا بكڕێت، بە مەرجێك تەكنەلۆجیای درووستكردنی ھاوبەشی بگوازرێتەوە بۆ توركیا.
كەناڵی "سی ئێن ئێن"ی توركیایی لە زاردەمی دەمیر گواستوویەتییەوە، كە گوتوویەتی: "تا رێكاری سزادانی زیاتر نەگیرێتەبەر (لە لەیەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە) ئێمە ھیچ مەترسییەك لە كڕینی سیستەمی "ئێس-400" نابینین. ئەگەر بمانویستبا كۆمەڵەی دووەم لە (ئێس400) بكڕین؛ تا ئەمڕۆ گەیشتبوو، بەڵام بەرھەمھێنانی ھاوبەش و گواستنەوەی تەكنەلۆجیا دوو شتن بۆ ئێمە گرنگن".
بەرپرسی پیشەسازییە بەرگرییەكانی توركیا راشیگەیاند، سیستەمی "ئێس-400" رووسیایی" دژە مووشەك، كە توركیا بەدەستیھێناوە، "ئامادەیە بۆ بەكارخستن و ھەر كاتێك پێویست بوو بەكار دەھێنرێت".
كردەی رادەستكردنی سیستەمی نوێی مووشەكی رووسیایی لە ھاوینی ساڵی 2019 دەستیپێكرد، تەنگژەیەكی نایەوە لە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا. واشنتن داوای لە ئەنقەرە كرد دەستبەرداری گرێبەستی كڕینەكەی ببێت و سیستەمی پاتریۆتی ئەمەریكایی بكڕێت و ھەڕەشەی دواخستن یان نەفرۆشتنی ئێف-35 لە توركیای كرد، ھەروەھا ھەڕەشەی سەپاندنی سزاكانی لە توركیا كرد، بەپێی یاسای كاستا، بەڵام توركیا مەرجەكانی واشنتنی رەتكردەوە و بەردەوام بوو لەسەر دانوستانەكانی سەبارەت بە كۆمەڵەی دووەم لە "ئێس-400".
لە كۆتاییدا ویلایەتە یەكگرتووەكان سزاكانی بەسەر بەرپرسان و دامەزراوە بەرپرسەكانی بەدەستھێنانی سیستەمی "ئێس-400"ی سەپاند. لە بارەی كڕینی سیستەمەكە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ گوتی: سەربازانی ئەمەریكا دەخاتە مەترسییەوە.
سەرچاوە: نۆفۆستی