بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر بنکەیەکی پێشمەرگە لە سنووری هەولێر
سەرچاوەیەکی تایبەت لە هێزەکانی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) هێرش کراوەتە سەر یەکێک لە میحوەرەکانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەهۆیەوە ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیی فەرەنسی بریندار بوون.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئاداری 2026، سەرچاوەیەکی تایبەت لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: درەنگانی شەوی رابردوو لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە (درۆن)، هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی سەر بە میحوەری 6ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ناحیەی مەلا قەرە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، کە بەهۆی ئەم هێرشەوە، شەش راوێژکاری سەربازیی فەرەنسی کە لەو بنکەیەدا ئەرکی راوێژکارییان جێبەجێ دەکرد، بریندار بوون.
تاوەکوو ئێستاش زانیاریی زیاتر لەسەر قەبارەی زیانە مادییەکان و لایەنی ئەنجامدەری هێرشەکە بە فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە.
مەلا قەرە یەکێکە لە شارەدێیەکانی قەزای مەخموور لە پارێزگای ھەولێر لە ھەرێمی کوردستان.
شارەدێی مەلا قەرە بە دووریی 40 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری ھەولێر، هەروەها بە دووریی 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری قەزای مەخموور.