سێنتکۆم: فڕۆکەیەکی سوتەمەنیهەڵگری ئەمەریکی لە ئاسمانی عێراق کەوتە خوارەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە کە فڕۆکەیەکی جۆری KC-135 تایبەت بە دابینکردنی سووتەمەنی لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە ناوچەیەکی رۆژئاوای عێراق کەوتووەتە خوارەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئاداری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە ئاگاداری کەوتنەخوارەوە و لەدەستدانی فڕۆکەیەکی جۆری (KC-135)ـی تایبەت بە دابینکردنی سووتەمەنییە.
بە پێی راگەیاندراوەکە، رووداوەکە لەناو کایەی ئاسمانیی دۆستانەدا و لە میانەی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسای" (Operation Epic Fury) رووی داوە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش داوە، کە رووداوەکە پەیوەندی بە دوو فڕۆکەی سەربازییەوە هەبووە؛ یەکێک لە فڕۆکەکان لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق کەوتووەتە خوارەوە، لە کاتێکدا فڕۆکەی دووەمیان توانیویەتی بە سەلامەتی بنیشێتەوە.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، کە ئێستا هەوڵەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن لە شوێنی رووداوەکە بەردەوامن و لێکۆڵینەوەش لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دەستی پێکردووە.